دایکی یەکێک لە گیانبەختکردوانی شەری داعش لەلایەن هێزەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا

هەنگاو: هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێران لە شاری دێولانی پارێزگای سنە دایکی هاووڵاتییەکی خەڵکی ئەو شارەیان کە لە کۆبانی و لە شەڕ دژ بە د

١١ ڕەشەمە ٢٧١٩، ١١:٣١

 

هەنگاو: هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێران لە شاری دێولانی پارێزگای سنە دایکی هاووڵاتییەکی خەڵکی ئەو شارەیان کە لە کۆبانی و لە شەڕ دژ بە داعش گیانی بەختکردبوو، دەستبەسەر کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی پێنج شەممە ٨ی ڕەشەممەی ٢٧١٩ (٢٧ی فێوریەی ٢٠٢٠)، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی دێولان هەڵیان کوتاوەتە سەر ماڵی هاووڵاتییەک بە ناوی ”زەینەب ئیسماعیلی“ ئەندامی دایکانی ئاشتی و دەستبەسەریان کردووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دوای دەستبەسەر کردنی دایە زەینەب ماڵەکەیان پشکنیوە و دواتر خۆیان بۆ شاری سنە گواستووەتەوە.

دوای چوار ڕۆژ و بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەی دایە زەینەب، چارەنووسی ناوبراو نادیارە و هەوڵەکانیان لەو پەیوەندییەدا بێ ئاکام ماوەتەوە.

دایە زەینەب دایکی ”محەمەدئەمین ئەمیری“یە کە ساڵی ٢٠١٤ لە ڕیزەکانی یەکینەکانی پاراستنی گەل لە شاری کۆبانی لەکاتی شەڕ لەگەڵ هێزەکانی داعش گیانی بەخت کردووە.

دایکانی ئاشتی پێکهاتوون لە دایکی ئەو کەسانەی کە لە ناو ڕیزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان گیانیان بەخت کردووە و وەک خۆیان باس دەکەن بۆ ئاشتی تێدەکۆشن.

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە