درێژەی مانگرتنی بازاڕاین لە کوردستان، ئیدارەی ئەماکەن بە زۆر دووکانەکان دەکاتەوە

هەنگاو: بازاڕیان و کاسبکارانی شارە سنوورییەکانی کوردستان سەرەڕای گوشاری هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی ئێران لە شەشەمین ڕۆژی.

٣١ خاکەلێوە ٢٧١٨، ١٣:٣٤

 

هەنگاو: بازاڕیان و کاسبکارانی شارە سنوورییەکانی کوردستان سەرەڕای گوشاری هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی ئێران لە شەشەمین ڕۆژی یەک لە دوای یەکدا مانیان گرتووە و دووکان و بازاڕەکانیان داخستووە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەییشتوو بە ماڵپەڕی ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی “هەنگاو”، ئەمڕۆ هەینی (٣١ خاکەلێوەی ٢٧١٨ / ٢٠ ئاوریلی ٢٠١٨)، مانگرتنی گشتیی بازاڕییەکانی چەند شاری سنووریی کوردستان درێژەی هەیە.

کاسبکارانی شارەکانی بانە، مەریوان، پیرانشار و جوانڕۆ لە ناڕەزایەتی بە داخستنی سنوورەکانی کوردستان، ماوەی چەند ڕۆژێکە دەستیان داوەتە مانگرتنی گشتی و بە داخستنی سفرەی بەتاڵ لە شەقامەکان، ناڕەزایەتیی خۆیان نیشان دەدەن.

هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە ئەمڕۆ بەشیک لە بازاڕیانی شاری بومەلەرزە لێدراوی سەرپێڵی زەهاویش تێکەڵ بە مانگرتن بوون و دووکان و بازاڕەکانیان داخستووە.

ڕۆژی ڕابردوو ئیدارەی ئەماکنی ئەو شارانە هەڕەشەی لە بازاڕیان کردبوو کە ئەگەر درێژە بە مانگرتن بدەن ئەوا کارەبای دووکانەکانیان دەپچڕێنن، بەو حاڵەش ئەمڕۆ زۆربەی دووکانەکان داخراون.

یەکێک لە بازاڕیانی شاری پیرانشار لە پەیوەندییەکی تەلەفوونیدا بە ”هەنگاو“ی ڕاگەیاند کە ئەمڕؤ هێزە ئەمنییەکان بە زۆر هێندێک لە دووکانەکانیان باز کردووە و سەرۆکی کارووباری ڕێکخراوەکانی پیرانشار خۆی هاتووەتە ناو بازار و هەڕەشەی لە دووکانداران کردووە.

ڕەسووڵ خزری، پەرلەمانتاری سەردەشت و پیرانشار لە پەرلەمانی ئێران پاش چوار ڕۆژ مانگرتن لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی پەرلەمان (خانە ملت) ڕای گەیاندووە: "داخرانی سنوورە کۆڵبەرییەکان بووەتە هۆی بێکاریی زیاتر لە ٨٠ هەزار کۆڵبەر".

ئەگەر ڕیژەی بێکاری بازاڕیان بەم ئامارە زیاد بکەین ئەوا زیاتر لە ١٣٠ هەزار کەس بێکار دەبن.

لەو پەیوەندییەدا یەکێک لە بازاڕیانی جوانڕۆ بە ناوی “محەممەد” وێڕای جەخت کردن لەسەر درێژەدانی مانگرتن وتی “ دە ڕۆژ بێکار بین لەوە باشتر بۆ هەمیشە بێکار بمێنین”.

هەروەها بە پێی ئەو زانیاریانەی کە دەستی ”هەنگاو“ گەیشتوون، خاوان پاساژەکانی ”مادر و بهشت“ لە شاری بانە بە مەبستی پشتگیری کردنی مانگرتنی بازاڕیان ڕایان گەیاندووە کە پارەی ئیجارەی دووکانەکان لە ڕۆژانی مانگرتن پێیان دەبەخشن و وەری ناگرن.

ئەم مانگرتنە گشتییە، شەش ڕۆژ پێش لە شارەکانی بانە و جوانڕۆوە دەستی پێکرد و دواتر خەڵکی چەند شاری دیکەش پەیوەست بوون بەو مانگرتنەوە.

ڕاپۆرتەکان، باس لە دەستبەسەرکرانی لانیکەم ١٥ کەس لە ڕەوتی ئەو مانگرتنانە دەکەن کە هەتا ئێستا ناسننامەی ١٠ کەسیان بۆ “هەنگاو” ڕوون بووەتەوە .


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە