درێژەی مانگرتنی بازاڕییەکانی کوردستانبە نیسبەت داخستنی سنوورەکان

هەنگاو: مانگرتنی کاسبکارانی بانە، مەریوان، جوانڕۆ و پیرانشار درێژەی هەیە.

٣٠ خاکەلێوە ٢٧١٨، ١١:٥٢

 

هەنگاو: مانگرتنی کاسبکارانی بانە، مەریوان، جوانڕۆ و پیرانشار درێژەی هەیە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەییشتوو بە ماڵپەڕی ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی “هەنگاو”، ئەمڕۆ پێـنجشەممە (٣٠ی خاکەلێوەی ٢٧١٨ / ١٩ ئاوریلی ٢٠١٨)، مانگرتنی گشتیی بازاڕییەکانی چەند شاری سنووریی کوردستان درێژەی هەیە.

کاسبکارانی شارەکانی بانە، مەریوان، پیرانشار و جوانڕۆ لە ناڕەزایەتی بە داخستنی سنوورەکانی کوردستان، ماوەی چەند ڕۆژێکە دەستیان داوەتە مانگرتنی گشتی و بە داخستنی سفرەی بەتاڵ لە شەقامەکان، ناڕەزایەتیی خۆیان نیشان دەدەن.

هەواڵنێری “هەنگاو” لە جوانڕۆوەوە باس لە کۆبوونەوەی خەڵکی ناڕازی لەبەردەم بینایەکی تیجاریی ئەو شارەدا دەکات.

هەواڵی گەییشتوو لە شاری بانەوە، باس لە پێداگریی خەڵک لەسەر درێژەدان بە مانگرتن دەکات. خەڵکی بانە دوێنێ ئێوارە، لە مزگەوتی گشتیی ئەو شارەدا لەگەڵ جەلیلی، نوێنەری خامنەیی کۆبوونەوە و ڕایانگەیاند کە تا کردنەوەی سنوورەکان مانگرتن درێژەی دەبێت.

ئەم مانگرتنە گشتییە، پێنج ڕۆژ پێش لە شارەکانی بانە و جوانڕۆوە دەستی پێکرد و دواتر خەڵکی مەریوان و پیرانشار پێوەست بوون بەو مانگرتنەوە.

ڕاپۆرتە گەییشتووەکان بە “هەنگاو”، باس لە دەستبەسەرکرانی لانیکەم ١٥ کەس لە ڕەوتی ئەو مانگرتنانە دەکەن.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە