درێژەی هێرشەکانی سپای پاسداران بۆ سەر سنوورەکانی هەرێمی کوردستان

هەنگاو: ئەمڕۆ لە درێژەی تۆپبارانەکانی سپای پاسداران دوو جار ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن سپای پاسدارانەوە تۆپباران کرا.

٢٢ خەرمانان ٢٧٢١، ١٣:٢٢

 

هەنگاو: ئەمڕۆ لە درێژەی تۆپبارانەکانی سپای پاسداران دوو جار ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن سپای پاسدارانەوە تۆپباران کرا.

بە گوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، تۆپخانەکانی سپای پاسداران کە لە شارەکانی پیرانشار و شنۆ جێگیر کراون، کاتژمێر ٧:٥٠ ئەمڕۆ دووشەممە ٢٢ی خەرمانانی ٢٧٢١ (١٣ی سێپتامبری ٢٠٢١) تۆپبارانی کوێستانەکانی بەربەزین و سیدەکان لەپارێزگای هەولێریان کردووە.

بە وتەی سەرچاوەکانی هەنگاو، هێزەکانی سپای پاسداران لە کاتژمێر ١٠:٤٠  خولەک بۆ جاری دووهەم تۆپبارانی ناوچەکە و بنکە و بارەگانی حیزبە کوردستانییەکان لە کوێستانە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستانیان دەست پێ کردووەتەوە

هێرشی سپای پاسداران بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حیزبە کوردستان لە سنووری هەرێمی کوردستان، لە ڕۆژی پێنجشەممەی حەوتووی ڕابردوو دەستی پێکردووە و لە ماوەی ٥ ڕۆژی ڕابردوودا لە ڕێگەی دڕۆن، تۆپباران و کاتیووشا هێرشەکان بەردەوام بوون.

کاوە بەهرامی بەرپرسی دەزگای فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان سەر بە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەمبارەوە ڕایگەیاندووە لە ماوەی چوار ڕۆژی ڕابردوو هێزەکانی ئێران ١٦ درۆنی خۆکوژییان بۆ هێرش بەکار هێناوە کە یەکێکیان پێش لەوە ئامانجەکەی بپێکێت لەلایەن هێزی پێشمەرگەوە بەرداوەتەوە.

بە وتەی ئەم بەرپرسە سەربازییەی حیزبی دێموکرات، لە ماوەی چوار ڕۆژی ڕابردوودا سپای پاسداران ١٥ جار لە ڕێگای فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان، تۆپخانە و کاتووشا هێرشی کردووەتە سەر کوێستانەکانی هەرێمی کوردستان و هێزەکانیان تا ئێستا هیچ زیانێکی گیانییان نەبووە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە