درێژەی گوشاری ناوەندە ئەمنییەکان بۆ سەر بنەماڵەی مووسا باباخانی

هەنگاو: دوای یەک حەوتوو لە تیرۆری مووسا باباخان، ئەندامی ڕێبەریی حیزبی دێمۆکرات لە شاری هەولێر، ناوەندە ئەمنییەکانی ئێران لە شارەکانی کرماشا

٢٢ گەلاوێژ ٢٧٢١، ١٤:٥٩

 

هەنگاو: دوای یەک حەوتوو لە تیرۆری مووسا باباخان، ئەندامی ڕێبەریی حیزبی دێمۆکرات لە شاری هەولێر، ناوەندە ئەمنییەکانی ئێران لە شارەکانی کرماشان و کامێران وێڕای پێشگرتن لە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی سەرەخۆشی، بنەماڵەی ناوبراویان ناچار کردووە کە بەڵێننامەیەکی نووسراوە واژۆ بکەن.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا ئیدارەی ئیتلاعاتی کرماشان چوونەتە گوندی “کۆڵان”ی ناوچەی ئاژوان و وێڕای هەڕەشە کردن لە بنەماڵەی حەمزە باباخانی برای مووسا باباخانی، ناوبراویان ناچار کردووە کە بەڵێننامەیەکی نووسراوە واژۆ بکات کە تێیدا هاتووە” دوای کوژرانی مووسا هەر کەسێک لەم ناوچەیە بکوژرێت یان بکرێتە ئامانج بەرپرسیارێتییەکەی لە ئەستۆی ئێمەدایە”.

یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی باباخانی کە بە هۆکاری ئەمنی نەیویست ناوی ئاشکرا بێت وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم زانیاریانە وتی: “ لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا هێزە ئەمنییەکان لە شاری کامێران هەڵیانکوتاوەتە ماڵ برایەکی دیکەی مووسا بە ناوی ئەحمەد باباخانی و پێیانیان ڕاگەیاندووە کە حیزبی دێمۆکرات مووسای کوشتووە و بەنیازیشە کە ئێوەش بکوژێت”.

جێگای ئامەژەیە کە هێزە ئەمنییەکان دوای تیرۆری مووسا باباخانی ئیزنیان نەداوە کە هیچ یەک لە ئەندامانی بنەماڵەکەی بە مەبەستی بەشداری لە ڕێوڕەسمی ناشتنی تەرمی مووسا باباخانی سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن و هەروەها ئیزنیان نەداوە نە لە کرماشان و نە لە کامێران ڕێوڕەسمی سەرەخۆشی بەڕێوەبەرن و لەوبارەوە هەڕەشەیان لێکراوە.

پێشتر ئەرسەلان یارئەحمەدی چالاکی مافی مرۆڤ و سەرنووسەری ماڵپەڕی هەنگاو لەوبارەوە وتبووی: “ هێزە ئەمنییەکان بە منیان وتووە کە موسا باباخانی بە هۆی کێشەی نامووسی کوژراوە و هیچ پەیوەندیی بە کۆماری  ئیسلامیی ئێرانەوە نیە و دەبێ ئێوە لە هەنگاو هەواڵێک بڵاو بکەنەوە و بڵێن کە موسا دەستدرێژی کردووەتە سەر سێ ژنی خەڵکی هەولێر  و هەر بەو هۆیەوە لەلایەن کەس و کاری ئەو ژنانەوە کوژراوە”.

مووسا باباخانی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێمۆکرات ڕۆژی پێنج شەممە ١٤ی گەلاوێژی ٢٧٢١ (٥ی ئاگۆستی ٢٠٢١)، لە هۆتێل “گوڵی سلێمانی” کە لە ناوەندی شاری هەولێر هەڵکەوتووە تیرۆر کرا و ڕۆژی شەممە تەرمەکەی دۆزرایەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە