دوایین دۆخی بەندیخانەی سەقز و میلیتاریزە کردنی ئەو شارە

هەنگاو: نزیکەی ٧٠ بەندکراو بە کۆمەڵ لە بەندیخانەی سەقز هەڵاتوون و هەتا ئێستا چەند کەسێکیان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراونەتەوە.

٩ خاکەلێوە ٢٧٢٠، ٠٩:٣٣


هەنگاو: نزیکەی ٧٠ بەندکراو بە کۆمەڵ لە بەندیخانەی سەقز هەڵاتوون و هەتا ئێستا چەند کەسێکیان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراونەتەوە.


بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤ، ئێوارەی ڕۆژی شەممە ٨ی خاکەلێوەی ٢٧٢٠ (٢٧ی مارسی ٢٠٢٠)، نزیکەی ٧٠ بەندکراوی بەندی ١ و ٢ی بەندیخانەی ناوەندیی شاری سەقز لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی بەندیخانە تووشی تێکهەڵچوون بوون و بە کۆمەڵ هەڵاتن.


هەنگاو پێشتر ڕایگەیاند بوو کە ئەو بەندکراوانە بە هۆی نەبوونی خزمەتگوزاری بێهداشتی و دژایەتی لەگەڵ داوای مافی مرەخەسی ئەوان لە بەندیخانە ڕاپەڕیون و هەڵاتوون.


سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاند کە، بەندیخانی سەقز پێک هاتووە لە پێنج بەند کە بریتین لە؛ بەندی ١ ناسراو بە بەندی تاوانەکانی پەیوەندیدار بە ماددە سڕکەرەکان، بەندی ٢ی ناسراو بە بەندی سڵامەت، بەندی نیزامی، بەندی قورعان و بەندی ژنان.


یەکێک لە دوکاندارانی نزیک بەندیخانەی لەوبارەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاندووە کە، هێزە ئەمنییەکان دوای هەڵاتنی ئەو بەندکراوانە، هەموو دوکاندارەکانیان ناچار کردووە کە دووکانەکان دابخەن و کارەبای بەندیخانە و ناوچەکانی دەورووبەری بەندیخانەیان پچڕاندووە.


عەباس مەسعوودی، جێگری فەرماندەی ئینتزامی پارێزگای سنە ڕایگەیاندووە کە هەتا ئێستا ٥ بەندکراو دەستبەسەر کراون و بەندکراوێکیش خۆی بە بەندیخانە ناساندووەتەوە.


هەتا کاتی ئامادە کردنی ئەم هەواڵە، ناسنامەی ١٢ بەندکراو بۆ هەنگاو ئاشکرا بووە کە ٦ کەسیان لەلایەن دەزگای دادوەریی حکوومەتی ئێرانەوە حوکمی سێدارەیان بە سەردا سەپاوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە