دوایین زانیاری لە سەر کوژرانی ژنێک بە پاساوی شەرەف لە شاری سنە

هەنگاو: ژنێکی گەنجی خەڵکی گوندێکی سەر بە شاری سنە بە پاساوی نامووس و شەرەف لەلایەن براکانیەوە کوژرا.

١٣ سەرماوەز ٢٧٢١، ٠٨:٤٥

 

هەنگاو: ژنێکی گەنجی خەڵکی گوندێکی سەر بە شاری سنە بە پاساوی نامووس و شەرەف لەلایەن براکانیەوە کوژرا.

بە گوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئێوارەی ڕۆژی هەینی ١٢ی سەرماوەزی ٢٧٢١ (٣ی دێسامبری ٢٠٢١)، ژنێکی لاو بە ناوی سەحەر مورادی تەمەن ٣٣ ساڵ لەلایەن براکانییەوە بە ناوەکانی حەمید و ئومید مورادی لە گوندی باوەڕێز سەر بە شاری سنە بە چەقۆ کوژرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، سەحەر مورادی کە دایکی دوو منداڵ بووە و هاوژینەکەی بە ناوی حەیدەر ڕەزایی دوو ساڵ پێش مردووە، بە بیانووی ئەوەی کە لەگەڵ پیاوێک پەیوەندی هەبووە لەلایەن براکانیەوە بە چەقۆ کوژراوە. جێگای ئاماژەیە کە سەحەر سەرپەرەستی مناڵەکانی لە ئەستۆ بووە.

دوای پەیگیرییەکانی هەنگاو دەرکەوتووە کە ڕۆژی چوارشەممە ١٠ی سەرماوەز حەمید و ئومید بە گومانی ئەوەی کە خۆشکەکەیان لەگەڵ پیاوێک پەیوەندی هەبووە داویانەتە بە رئەشکەنجە و کێدان و بە هۆی سەختی برینەکانیەوە بۆ نەخۆشخانەی کەوسەری سنە گوازراوەتەوە.سەحەر مورادی دوای ئەوەیکە ڕۆژی هەینەی دەگەڕێتەوە بۆ ماڵی دایکی (شەوبۆ ڕەزایی) لەلایەن دوو براکەیەوە بە چەقۆ کوژراوە.

هەنگاو پێشتر ڕایگەیاندبوو کە ڕۆژی شەممە ١٣ی سەرماوەز بە بێ بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی سەرەخۆشی ، تەرمی سەحەر مورادی لە گوندەکەی خۆی ئەسپەردە کراوە.

هەتا کاتی داڕشتنی  ئەم هەواڵە هیچ کام لە بکوژەکان لەلایەن پۆلیسەوە دەستبەسەر نەکراون.

لە ڕاپۆرتی پێشووی هەنگاو ناوی کوژراوەکە لە جیاتی سەحەر مورادی بە هەڵە سەحەر ڕەزایی نوسرابوو.

بە پشت بەستن بە ڕاپۆرتێک کە حەوتووی ڕابردوو لە لایەن هەنگاو بڵاو کرایەوە، لە ٢٥ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٠ هەتا ٢٥ی نۆڤەمبەری ٢٠٢١ لانیکەم ٤٤ ژن لە شارەکانی کوردستان کوژران کە ١١ حاڵەتیان (٢٥٪) کوژران بە بیانوو و پاساوی نامووس بووە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە