دوو بەندکراوی سیاسی لە بەندیخانە ئازاد بوون

هەنگاو: دوو بەندکراوی سیاسی کورد کە لەبەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ڕاگیرابوون، دوای ڕاگەیاندنی یاسای کەمکردنەوەی حوکمەکان، لە بەندیخانە ئازاد کران.

٢٩ گەلاوێژ ٢٧٢٠، ١٨:٢٩


هەنگاو: دوو بەندکراوی سیاسی کورد کە لەبەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ڕاگیرابوون، دوای ڕاگەیاندنی یاسای کەمکردنەوەی حوکمەکان، لە بەندیخانە ئازاد کران.


بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ٢٩ی گەلاوێژی ٢٧٢٠ (١٩ی ئاگۆستی ٢٠٢٠)، ڕەحیم مەحموودی ئازەر و پرویز ناسری دوو بەندکراوی سیاسی کورد کە ٣ مانگ لە ماوەی حوکمەکەیان مابوو، دوای ڕاگەیاندنی یاسای کەمکردنەوەی حوکمەکان، لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ئازاد کران.


ڕەحیم مەحموودی ئازەر تەمەن ٢٢ ساڵ ڕێکەوتی ٢٢ی ڕەشەممەی ٢٧١٨ (١٣ی مارسی ٢٠١٩) لەگەڵ کەسێکی دیکەی خەڵکی بۆکان بە ناوی ”مستەفا قادر زەینەب“ کە لە ناو ریزەکانی یەکینەکانی پاراستنی گەل بوون، لە شاری حەلەب خۆیان ڕادەستی هێزەکانی بەشار ئەسەد کرد و دواتر لەلایەن ئەوانەوە ڕادەستی سپای پاسداران کرابوون.


ئەو دوو لاوە مانگی پووشپەڕی ساڵی ڕابردوو لەلایەن لقی سێهەمی دادگای شۆڕشی ئورمیە بە سەرۆکایەتی دادوەر ڕەزا نەجەف زادە هەر کامەیان حوکمی ١١ ساڵ بەندکرانیان بە سەردا سەپا کە بە پێی یاسای کۆکردنەوەی حوکمەکان ٥ ساڵی شیاوی جێبەجێ بوو.


پەرویز ناسری لەکاتی خۆپێشاندانەکانی مانگی خەزەڵوەری ئورمیە دەستبەسەر و دوای ١٠ ڕۆژ ڕاگیران لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە بۆ بەندیخانەی ئورمیە گوازرایەوە.


ناوبراو ڕۆژی پێنج شەممە ٢٦ی بەفرانباری ٢٧١٩ (١٦ی ژانویەی ٢٠٢٠)، لەلایەن لقی دووهەمی دادگای شۆڕشی ئورمیە بە سەرۆکایەتی دادوەر ”عەلی شەیخلوو“ و بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) حوکمی پێنج ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا. ئە وحوکمە لەلایەن دادگای پێداچوونەوە بۆ یەک ساڵ بەندکران کەم کرایەوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە