دوو بەندکراوی سیاسی کورد بە مەرج لە بەندیخانە ئازاد کران

هەنگاو: دوو بەندکراوی سیاسی کورد کە لە بەندیخانەی ناوەندیی کرماشان ڕاگیرابوون، بە مەرج لە بەندیخانەی دێزڵئاوای ئەو شارە ئازاد کران.

٢٣ جۆزەردان ٢٧٢٠، ١٧:٤٦

 

هەنگاو: دوو بەندکراوی سیاسی کورد کە لە بەندیخانەی ناوەندیی کرماشان ڕاگیرابوون، بە مەرج لە بەندیخانەی دێزڵئاوای ئەو شارە ئازاد کران.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، حەفتەی ڕابردوو، کیانووش قارەمانی، بەندکراوی سیاسی، پێڕەوی ئایینی یاری و خەڵکی قەسری شیرین، دوای سێ ساڵ بەندکران بە مەرج لە بەندیخانە ئازاد کراوە.

کیانووش قارەمانی لە ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانباری ١٣٩٦ی هەتاوی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کرماشان دەستبەسەر و پاش ٤ مانگ بۆ بەندیخانەی دێزڵئاوا گوازرایەوە.

ئەو چالاکە یارسانییە سەرەتای ساڵی ١٣٩٧ی هەتاوی لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای تاوانەکانی قەسری شیرین بە تۆمەتی ئاگردانی بە ئەنقەستی (مسگەوت، پایگای بەسیج و مێهدیە) و هەوڵدان دژی ئاسایشی نەتەوەیی حوکمی ٢٠ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپا کە بە پێی یاسای کۆکردنەوەی حوکمەکان زیاترین حوکم واتە ١٠ ساڵ بەندکران چووە بواری جێبەجێ کردنەوە.

لەلایەکی دیکەوە، مانگی ڕابردوو، ناسێح فەتحی بەندکراوی سیاسی کورد کە حوکمی ١٥ سا: بەندکرانی بەسەردا سەپابوو، دوای تێپەڕاندنی نیوەی حوکمەکەی بە ەمرج ئازاد کراوە.

ناسێح فەتحی ڕێکەوتی ١٥ی ڕێبەندانی ١٣٩٠ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی حکوومەت لە کرماشان دەستبەسەر و دوای ١١ مانگ ڕاگیران لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی کرماشان و ٣ مانگ لە بەندیخانەی ئێڤینی تاران، بۆ بەندیخانەی دێزڵئاوای کرماشان گوازرایەوە.

ناوبراو دواجار لەلایەن دادگای شۆڕشی کرماشان بە تۆمەتی هاوکاری کردنی یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری حکوومەت حوکمی ١٥ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپابوو.

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە