دوو بەندکراوی سیاسیی کورد لە بەندیخانەی نەغەدە ئازاد کران

هەنگاو: بەندکراوێکی سیاسیی خەڵکی پیرانشار پاش کۆتاییهاتنی ماوەی سزاکەی و بەندکراوێکی سیاسیی خەڵکی شنۆش بە لێخۆشبو

١٦ پووشپەڕ ٢٧٢١، ١٤:٢٢

 

هەنگاو: بەندکراوێکی سیاسیی خەڵکی پیرانشار پاش کۆتاییهاتنی ماوەی سزاکەی و بەندکراوێکی سیاسیی خەڵکی شنۆش بە لێخۆشبوون لە باقیی ماوەی بەندکرانەکەی لە بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە ئازاد کران.

بە گوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ۱۵ی پووشپەڕی ۲۷۲۱ (۶ی جولای ۲۰۲۱)، نادر زیاییفەڕ، بەندکراوی سیاسیی خەڵکی شنۆ بە لێخۆشبوون لە باقیی ماوەی بەندکرانەکەی و پاش تێپەڕاندنی نیوەی سزای چوار ساڵ بەندکرانەکەی لە بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە ئازاد کرا.

نادر زیاییفەڕ، خەڵکی گوندی "مەلاعیسا"ی ناوچەی دەشتەبێڵی شنۆ لە مانگی خەزەڵوەری ۲۷۱۹ (نۆڤامبەری ۲۰۱۹)، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی شنۆوە دەستبەسەر کرا و پاش چەند مانگ بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

ئەم هاووڵاتییە کوردە دواتر لە لایەن دادگای شۆڕشی شنۆوە بە تۆمەتی ئەندامەتی لە حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران، سزای چوار ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا و سزاکەی لە دادگای پێداچوونەوەشدا وەک خۆی پەسند کرایەوە.

نادر زیایی، لە مانگی بەفرانباری ۲۷۱۹ (فێوریەی ٢٠٢٠) بە مەبەستی جێبەجێ کرانی سزاکەی دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی شنۆ و دواتر لە ڕیکەوتی ٢ی خەرمانانی ٢٧٢٠ (٢٣ی ئاگوستی ٢٠٢٠)، گوازرایەوە بۆ بەندیخانەی نەغەدە.

لە لایەکی دیکەوە لە ڕۆژانی ڕابردوودا سلێمان محەممەدنەژاد، بەندکراوی سیاسیی خەڵکی پیرانشار، پاش کۆتاییهاتنی ماوەی یەک ساڵەی سزاکەی، لە بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە ئازاد کرا.

سلێمان محەمەدنەژاد، ڕۆژی سێ شەممە ٢٠ی سەرماوەزی ٢٧٢١٨ (١١ی دێسامبەری ٢٠١٨)، لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی پیرانشارەوە دەستبەسەر کرا و لە مانگی رێبەندانی ئەو ساڵەدا بە دانانی بارمەتی ٢٥٠ ملیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

ناوبراو دواتر لە لایەن دادگای شۆڕشیەوە بە تۆمەتی هاوکاریکردنی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران، سزای سالێک بەندکرانی بەسەردا سەپا و لە پاییزی ٢٧٢٠ (٢٠٢٠)دا، بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزاکەی دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ بەندیخانەی نەغەدە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە