دوو حەفتەیە چارەنووسی هیدایەت عەبدوڵڵاپوور نادیارە

هەنگاو: چارەنووسی هیدایەت عەبدوڵڵاپوور، بەندکراوی سیاسی مەحکووم بە سێدارە کە دوو حەفتەیە لە بەندیخانەوە بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە، نادیارە.

٣ جۆزەردان ٢٧٢٠، ١٢:٢٢


هەنگاو: چارەنووسی هیدایەت عەبدوڵڵاپوور، بەندکراوی سیاسی مەحکووم بە سێدارە کە دوو حەفتەیە لە بەندیخانەوە بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە، نادیارە.


بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، پاش دوو حەفتە لە گواستنەوەی هیدایەت عەبدوڵڵاپوور بەندکراوی سیاسی مەحکووم بە سێدارە لە بەندیخانەی ئورمیەوە بۆ شوێنێکی نادیار و سەرەڕای بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەکەی هێشتا چارەنووسی نادیارە و ئەمش نیگرانی لای بنەماڵەکەی دروست کردووە.


پێشتر سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی عەبدوڵڵاپوور لەو بارەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاندبوو، بنەماڵەی ئەو بەندکراوە سیاسییە سەردانی دادگای شۆڕشی ئورمیەیان کردووە، داواکاری گشتی ئورمیە لەوێ نەبووە و جێگرەکەی بە شێوەیەکی ناشایست و بێڕێزانە بە هاوژینی هیدایەت عەبدوڵڵاپووری ڕاگەیاندووە: “مادام کە ئیدارەی ئیتلاعات وەڵامتان ناداتەوە، کەواتە بڕۆن لە گۆڕستان بەدوایدا بگەڕێن.”

ئێوارەی ڕۆژی شەممە ٢٠ی بانەمەڕی ٢٧٢٠ (٩ی مەی ٢٠٢٠)، هیدایەت عەبدوڵڵاپوور، بەندکراوی سیاسی مەحکووم بە سێدارە، لە بەندی سیاسی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە بۆ دەرەوەی بەندیخانە گوازراوەتەوە و پاش چوار ڕۆژ هێشتا چارەنووسی نادیارە.

هەمان ڕۆژ ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بەیاننامەیەکی ڕوو لە ناوەندەکانی مافی مرۆڤ و چالاکانی ئەو بوارە بڵاو کردەوە و داوای کرد کە بە نیسبەت ڕاگواستنی لەناکاوی ئەو بەندکراوە سیاسیە بێنە دەنگ.


هیدایەت عەبدوڵڵاپوور ڕۆژی چوارشەممە ٢٦ی جۆزەردانی ٢٧١٦ (١٥ی ژوئەنی ٢٠١٦) هاوڕێ لەگەڵ دەیان کەسی دیکەی خەڵکی شنۆ لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپا دەستبەسەر و دوای نزیک بە سێ مانگ ڕاگیران لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی ئورمە و ئەشکەنجەیەکی زۆر، بۆ بەندیخانەی ئورمیە گوازرابوویەوە.


ناوبراو مانگی ڕێبەندانی ٢٧١٦ لەلایەن لقی دووهەمی دادگای شۆڕشی ئورمیە بە سەرۆکایەتی دادوەر شەیخلوو بە تۆمەتی هاوکاری کردنی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە تێکهەڵچوونی گوندی قەرەسەقەل کە لەنێوان پێشمەرگەکانی حدکا و هێزەکانی سپای پاسداران هاتە ئاراوە، حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپێندرا.


ڕۆژی دووشەممە (١٦ی ڕەزبەری ٢٧١٨ ( ٨ی ئۆکتۆبری ٢٠١٨)، حوکمی سێدارەی هیدایەت عەبدوڵڵاپوور بەندکراوی سیاسی خەڵکی شنۆ لەلایەن لقی ٤٧ی دادگای بەرزی وڵاتەوە پەسەند و ئەو حوکمە بە فەرمی بە پارێزەرەکەی و بنەماڵەکەی ڕاگەیەندراوە.

هیدایەت عەبدوڵڵاپوور خێزاندار و باوکی کچێک و کوڕێکی کەم تەمەنە بەناوەکانی کوردستان و سیروان.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە