دوو دەستبەسەرکراوی خەڵکی شنۆ گوازرانەوەی بۆ بەندیخانەی ئورمیە

٢٦ ڕێبەندان ٢٧٢٠، ٢٣:٢٧

 

پشتیوانی لە هەنگاو

هەنگاو: دوو هاووڵاتیی خەڵکی شنۆ کە یەکیان تەمەنی لە ژێر ١٨ ساڵەوەیە و سێ مانگ لەمەوبەر دەستبەسەر کرابوون، لە پاش کۆتایی هاتنی لێپێچینەوەکانیان گوازرانەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە.

بە گوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ٢٦ی ڕێبەندانی ٢٧٢٠ (١٤ی فێبریوێری ٢٠٢١)، ئەمین ڕەحمانی تەمەن ١٧ ساڵ و ئەحمەد خۆشمیرزاد، تەمەن ٣٢ ساڵ،  پاش سێ مانگ دەستبەسەری له دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سپای ئورمیە، گوازرانەوە بۆ بەندی "ناوەندی چاکسازی و پەروەردە و سیاسی"ی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە. ئەم دوو بەندکراوە چەند ڕۆژ پێشتر گوازرابوونەوە بۆ قەرەنتینەی بەندیخانە.

ئەمین ڕەحمانی کوڕی لوقمان و ئەحمەد خۆشمیرزاد کوڕی عەڕەب، ڕۆژی پێنج شەممە ٢٩ی خەزەڵوەری ٢٧٢٠ (١٩ی نۆڤامبەری ٢٠٢٠)، لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی زاهیدانەوە دەستبەسەر کرابوون.

ئەم دوو هاووڵاتییە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە ئەندامەتی لە گرووپە سەلەفییەکان و پڕۆپاگەندە لە دژی حکوومەت تۆمەتبار کراون.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم دوو هاووڵاتییە لە ماوەی سێ مانگی ڕابردوودا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش کرابوون.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە