دوو لە کچە دەستبەسەر کراوەکانی جوانڕۆ بانگی ئیدارەی ئیتلاعات کران و لێپرسینەوەیان لەگەڵ کرا

هەنگاو: دوو کەس لەو کچانەی خەڵکی جوانڕۆ حەوتووی ڕابردوو لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپا دەستبەسەر و دواتر ئازاد کرابوون، بانگ

٨ خەرمانان ٢٧٢١، ١٢:٥٤

 

هەنگاو: دوو کەس لەو کچانەی خەڵکی جوانڕۆ حەوتووی ڕابردوو لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپا دەستبەسەر و دواتر ئازاد کرابوون، بانگی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری جوانڕۆ کران و لێپرسینەوەیان لێ کرا.

بە گوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ٧ی خەرمانانی ٢٧٢١ (٢٩ی ئاگۆستی ٢٠٢١)، سۆنیا کەریمی و پەریا فەتحی هەر دوو تەمەن ١٤ ساڵان لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری جوانڕۆوە بانگ کراون و لە کاتژمێر ٨ی بەیانی تا ١ی دوانیوەڕۆ بۆ ماوەی ٥ کاتژمێر لەم ناوەندە ئەمنیەتییە لە ژێر لێپرسینەوەدا بوون.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، بەشێک لە ئەندامانی بنەماڵەی ئەم دوو مێرمنداڵە تەمەن ١٤ ساڵانە هاوکات بانگهێشتی ئیتلاعات کراون و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ کراوە. یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی ئەم دوو کچە کە بە هۆکاری ئەمنیەتیی نەیویست ناوی ئاشکرا بێت بە هەنگاوی ڕاگەیاند:" ئیدارەی ئیتلاعات هەڕەشەیان لە بنەماڵەی سۆنیا و پەریا کردوە کە بە هیچ شێوە مافی وتووێژ لەگەڵ میدیاکانیان نیە و ئەگەر هەر زانیارییەک بڵاو بێتەوە هەڵسووکەوتی تووندیان لەگەڵ دەکرێت".

ئەو سەرچاوە لە درێژەدا ڕایگەیاند، ئیدارەی ئیتلاعات هۆکاری دەستبەسەرکرانی ئەم دوو کچەی لایەنگری لە حیزبێکی کوردستانی دژبەری حکوومەتی ئێران ڕاگەیاندووە.

هەنگاو لەم پەیوەندییەدا زانیویەتی، سپای پاسداران زەختی خستووەتە سەر بنەماڵەی تارا ئەحمەدی ئەو کچەی کە دوای ئازادی هەوڵی خۆکوشتنی دابوو و داوای لیان کردووە کە بڵێین سپا هیچ ڕۆڵێکی لە دەستبەسەرکردنی ئەم سێ مێرمنداڵە نەبووە و دوای ئەوەی ئەم کچانە ون بوون و بنەماڵەکان هێزە ئینتزامییەکانیان ئاگادار کردووەتەوە، کەڵانتەری توانیویەتی بیاندۆزێتەوە و ڕادەستی بنەماڵەکانیان بکاتەوە.

ڕۆژی ڕابردوو هەنگاو ڕایگەیاندبوو کە، ڕۆژی سێشەممە ٢ی خەرمانانی ٢٧٢١ (٢٤ی ئاگۆستی ٢٠٢١)، هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای جوانڕۆ سەر بە پارێزگای کرماشان سێ کچی مێرمنداڵیان بە ناوەکانی تارا ئەحمەدی ١٦ ساڵ، سونیا کەریمی ١٤ ساڵ و پەریا فەتحی ١٤ ساڵیان بە شێوەیەکی نایاسایی دەستبەسەر کردووە.

جێگای ئاماژەیە کە تارا ئەحمەدی هەر ئەو ڕۆژەی کە ئازاد کرابوو لە ڕێگای خۆهەڵواسینەوە هەوڵی خۆکوشتنی داوە و ئێستا لە بەشی ICU نەخۆشخانەی “حەزرەتی ڕەسووڵ”ی شاری جوانڕۆ لە ژێر چاوەدێریدایە.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢١ هەتا ئێستا (٨ مانگ) لانیکەم ١٠ مێرمنداڵی ژێر تەمەن ١٨ ساڵی کورد لە شارەکانی مەهاباد، پیرانشار، ماکۆ، ئورمیە، سەقز، سنە و جوانڕۆ دەستبەسەر کراون کە ٤ کەسیان کچ بوون و سەرجەمیان تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردستانییەکان خراوەتە پاڵیان.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە