دوو هاووڵاتی لە بەندیخانەی ئورمیە لەسێدارە دران

هەنگاو: حوکمی سێدارە دوو بەندکراو لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە جێبەجێ کرا و چارەنووسی کەسێکی دیکەش کەبە هەمان مەبەست برابووە ژووری تاکەکەسی، نادیارە.

٦ گەلاوێژ ٢٧٢٠، ٠٩:١٣


هەنگاو: حوکمی سێدارە دوو بەندکراو لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە جێبەجێ کرا و چارەنووسی کەسێکی دیکەش کەبە هەمان مەبەست برابووە ژووری تاکەکەسی، نادیارە.


بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە ٦ی گەلاوێژی ٢٧٢٠ (٢٧ی ژوئیەی ٢٠٢٠)، حوکمی سێدارە لانیکەم دوو بەندکراو کە بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەست ئەو حوکمەیان بە سەردا سەپابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە جێبەجێ کراوە.


ناسنامەی ئەو دوو بەندکراوە ”عەلی عەبدی“ خێزاندار و لە بەندی ١_٢ و ”ئەمیر حوسێن“ (ناوبانگ نادیار) لە بەندی لاوانی بەندیخانەی ئورمیە ڕاگەیەندراوە.


عەلی عەبدی لە ٩ ساڵ پێش و ئەمیر حوسێن لە پێنج ساڵ پێش بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەست دەستبەسەر و لە بەندیخانەی ئورمیە ڕاگیراون.


هەنگاو ڕۆژی ڕابردوو ڕایگەیاندبوو کە دوو بەندکراو بە مەبەستی جێبەجێ کرانی حوکمەکەیان بۆ ژووری تاکەکەسیی بەندیخانەی ئورمیە گوازراونەتەوە. سەرچاوەکانی هەنگاو ئەمڕؤ ڕایانگەیاندووە کە بەندکراوێکی دیکەش بە هەمان مەبەست براوەتە ژووری تاکەکەسی، هەتا ئێستا ناسنامەی ئەو بەندکراوە بۆ هەنگاو ئاشکرا نەبووە و دیار نیە لەسێدارە دراوە یان نا.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە