دوو هاووڵاتی لە سەرپێڵی زەهاو و سەقز دەستبەسەر و دوو مێرمنداڵی مەهابادی ئازاد کران

هەنگاو: لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا دوو هاووڵاتیی کورد لە شارەکانی سەرپێڵی زەهاو و سەقز لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و هاوکات دوو مێ

٧ گەلاوێژ ٢٧٢٠، ٠٨:٥٠


هەنگاو: لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا دوو هاووڵاتیی کورد لە شارەکانی سەرپێڵی زەهاو و سەقز لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و هاوکات دوو مێرمنداڵی دەستبەسەر کراوی خەڵکی مەهاباد بە دانانی بارمتە ئازاد کراون.


بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ٤ی گەلاوێژی ٢٧٢٠ (٢٥ی ژوئیەی ٢٠٢٠)، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سەرپێڵی زەهاو لاوێکی تەمەن ٢٠ ساڵیان بە ناوی ”هادی عەزیزی“ دەستبەسەر کردووە.


بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هادی عەزیزی پێشتر بۆ ماوەی ساڵێک ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستان (حدک) بووە و دوای جیابوونەوە لەو حیزبە حەفتەی پێشوو گەڕاوەتەوە بۆ شارەی سەرپێڵی زەهاو.


لەلایەکی دیکەوە، ڕۆژی چوارشەممە ١ی گەلاوێژ ( ٢٢ی ژوئیە)، لاوێکی تەمن ٣٥ ساڵی خەڵکی گوندی سونەتەی سەقز بە ناوی ”هادی عەلی پوور“ لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئەو شارەوە دەستبەسەر کراوەە.


ئەو هاووڵاتییە کوردە بە تۆمەتی هاوکاری کردنی یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری حکوومەت دەستبەسەر و پاش یەک حەفتە هێشتا چارەنووسی نادیارە.


هەروەها ڕۆژی دووشەممە ٦ی گەلاوێژ، مەتین خولە تەمەن ١٦ ساڵ و خەڵکی مەهاباد دوای دوو حەفتە دەستبەسەر کران بە بارمتەی ٨٠ میلیۆن تمەنی ئازاد کراوە.


مەتین خولە لەگەڵ مەسعوود خولە شەوی شەممە ٢١ی پووشپەڕ لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپا دەستبەسەر کرابوون. مەسعوود خولە تەمەن ١٧ ساڵ ڕۆژی شەممە ٤ی گەلاوێژ بە دانانی بارمتەی ٨٠ میلیۆن تمەنی ئازاد کرابوو.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە