دوو هاووڵاتیی خەڵکی ئورمیە حوکمی ١٠ ساڵ بەندکرانیان بە سەردا سەپا

هەنگاو: دوو هاووڵاتیی خەڵکی ئورمیە بە تۆمەتی چالاکی سیاسی لەلایەن دەزگای دادوەریی حکوومەتی ئێرانەوە حوکمی بەندکرانیان بە سەردا سەپا.

١٧ خەرمانان ٢٧١٩، ٠٨:٤٢

 

هەنگاو: دوو هاووڵاتیی خەڵکی ئورمیە بە تۆمەتی چالاکی سیاسی لەلایەن دەزگای دادوەریی حکوومەتی ئێرانەوە حوکمی بەندکرانیان بە سەردا سەپا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ١٢ی خەرمانانی ٢٧١٩ (٣ی سێپتامبری ٢٠١٩)، دوو هاووڵاتیی خەڵکی گوندی ”ئەنبێ“ سەر بە بەخشی تەرگەوەڕی ئورمیە بە ناوەکانی ”سابیر کەمانی“ و ”کامران کەمانی“ هەر کامەیان حوکمی ٥ ساڵ بەندکرانیان بە سەردا سەپاوە و ئەو حوکمە ڕۆژی شەممە ١٦ی خەرمانان لە بەندیخانەی ئورمیە بە فەرمی پێیان ڕاگەیەندراوە.

ئەو حوکمە بە تۆمەتی هاوکاری کردنی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) و لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئورمیەوە بەسەر ئەو دوو هاووڵاتییەدا سەپێندراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو دوو هاووڵاتییە لە ڕەوتی دانیشتنی دادگا لە هەبوونی مافی پارێزەر بێبەش بوون.

کەیوان و سابیر ڕۆژی سێشەممە ١٧ی پووشپەڕ (٨ی ژوئیە) هاوڕێ لەگەڵ کەسێکی دیکە بە ناوەی ”کەیوان موکەڕەم“ لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیەوە دەستبەسەر کرابوون.

ئەو دوو بەندکراوە ئێستا لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ڕاگیراون و ماوەی حوکمەکیان تێپەڕ دەکەن.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە