دوو پێشمەرگەی بە دیل گیراوی پاک دوای ٤ مانگ گوازرانەوە بۆ بەندیخانەی سەقز

هەنگاو: دوو پێشمەرگەی پارتی ئازادی کوردستان (پاک) کە نزیکەی چوار مانگ پێش ئێستا لەلایەن هێزەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کرابوون، گوازرا.

٢ سەرماوەز ٢٧١٨، ١٤:٥٥

 

هەنگاو: دوو پێشمەرگەی پارتی ئازادی کوردستان (پاک) کە نزیکەی چوار مانگ پێش ئێستا لەلایەن هێزەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کرابوون، گوازراونەتەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی شاری سەقز.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە (٢٨ی خەزەڵوەری ٢٧١٨ / ١٩ی نۆڤەمبری ٢٠١٨)، هوشمەند عەلیپوور و محەمەد ئوستاد قادر دوو پشمەرگەی پارتی ئازادی کوردستان دوای نزیک بە چوار مانگ ڕاگیران لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی شاری سەقز گوازراونتەوە.

هێزە ئەمنیەتییەکانی ئێران لە ماوەی چوار مانگی ڕابردوودا تەنیا یەک جار ئیزنیان داوە کە بنەماڵەی ئەو دوو بەندکراوە سیاسییە چاویان پێیان بکەوێت و لە هەبوونی مافی وەرگرتنی پارێزەریش بێبەش بوون.

پێشتر هەنگاو ڕایگەیاندبوو کە ئەو دوو بەندکراوە سیاسییە لەلایەن بەرپرسانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە بە سەخت ترین شێوە ئەشکەنجە کراون و داوایان لێکراوە کە ناوی دۆست و هاوڕێیانی خۆیان لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئاشکرا بکەن.

ئەم دوو پێشمەرگەی پارتی ئازادی کوردستان، دوایی هیرشێک کە لە ڕۆژی هەینی (١٢ی گەلاوێژی ٢٧١٨/ ٣ی ئاگۆستی ٢٠١٨)  کرایە سەر ئیدارەی ئاگاهی شاری سەقز، لەلایەن هێزە ئەمنیەتیەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.

شەوی ١٦ی گەلاوێژ و تەنیا دوایی ٤ ڕۆژ لە دەستبەسەر کرانیان، دانپێدانانی زۆرەملەی ئەم دوو پێشمەرگەی پارتی ئازادی لە تلویزیۆنی ئێرانەوە بڵاو کرایەوە.

پارتی ئازادی کوردستان بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک ڕایگەیاند کە ئەو دوو پێشمەرگە ڕۆژی ١٦ی گەلاوێژ دەستبەسەر کراون.

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە