دوو پێشمەرگەی پارتی ئازادی کوردستان لە سەقز بە دیل گیران

هەنگاو: دوای هێرشی چەند شەو پێشی پێشمەرگەکانی پارتی ئازادی کوردستان (پاک) بۆ سەر ئیدارەی ئاگاهی شاری سقز، دوو پێشمرگەی ئە.

١٦ گەلاوێژ ٢٧١٨، ٢١:٢٣

 

هەنگاو: دوای هێرشی چەند شەو پێشی پێشمەرگەکانی پارتی ئازادی کوردستان (پاک) بۆ سەر ئیدارەی ئاگاهی شاری سقز، دوو پێشمرگەی ئەو حیزبە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە دیل گیران.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ”هەنگاو“، دوای هێرشی رۆژی هەینی (١٢ی گەلاوێژی ٢٧١٨ / ٣ی ئاگۆستی ٢٠١٨)ی پێشمرگەکانی پارتی ئازادی کوردستان بۆ سەر ئیدارەی ئاگاهی سەقز، کە بە نارنجۆک ئەنجام درابوو، دوو پێشمرگەی ئەو حیزبە بە دیل گیراون.

ناسنامەی ئەو دوو پێشمەرگەیە ”هۆشمەند عەلی پوور“ ناسراو بە سمکۆ و خەڵکی سەردەشت و هەروەها ”محەمەد ئوستاد قادر“ ناسراو بە ئاوارە و خەڵکی سەقز ڕاگەیەندراوە.

کەناڵی ”خبر“ی ئێران ئەمشەو کاتژمێر ٨:٣٠ بە کاتی تاران گرتەیەکی ڤیدۆیی دانپێدانانی زۆرەملی ئەو دوو پێشمەرگەیە بڵاو کردەوە.

هەتا کاتی ئامادە کردنی ئەم هەواڵە، پارتی ئازادی کوردستان بە نیسبەت دەستبەسەر کرانی ئەو دوو پێشمەرگەیە هیچ زانیارییەکی بڵاو نەکردووەتەوە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کە لەسەرچاوەیەکی جێگای متمانەوە بە هەنگاو گەیشتووە، لە ئەنجامی ئەو هێرشەی پێشمرگەکانی پاک کە بە نارنجۆک ئەنجامیان دابوو، دوو ئۆتۆمبێلی سەربازی ئەو بنکەیە تێکشکێندراون و هێزەکانی ئێران زیانی گیانییان نەبووە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، داوا لە هەموو ڕێکخراو و چالاکانی مافی مرۆڤ دەکات کە لەم بارەوە بێ دەنگی نەکەن و لەو ڕووەوە کە ئێران هەمیشە لە گەڵ دیلەکانی شەڕ بە تایبەت پێشمرگەی حیزبە کوردستانییەکان هەڵسووکەوتێکی نابەجێی هەبووە و مەترسی ئەشکەنجە و سێدارەیان لەسەرە، بە زوویی هەڵوێستی جیدی بگرن.

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە