دوو کارناسی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووە کان داوای هەڵوەشانەوەی حوکمی سێدارەی مێرمنداڵێکی کورد دەکەن

دوو کارناسی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووە کان داوای هەڵوەشانەوەی حوکمی سێدارەی مێرمنداڵێکی کورد دەکەن

15:55 - 20 June 2018

 

هەنگاو: دوو کارناسی مافی مرۆڤی نەتەوەیەکگرتوەکان، ڕۆژی سێشەممە ٢٩ی جۆزەردان  بە بڵاکرنەوەی بەیاننامەیەک، داوای ڕاگرتنی حوکمی سێدارەی محەممەد کەڵهور، مێرمنداڵی خەڵکی لوڕستانیان کرد.

ئاگنس کالامار، رێپۆرتێری تایبەتی سێدارە نایاساییەکان و رنت وینتێر، بەرپرسی کۆمیتەی مافی منداڵان، بە بڵاو کردنەوەی ئەم بەیانییە، لە بەرپرسانی ئێرانیان داوا کردووە کە هەرچی زووتر، حوکمی سێدارەی ئەم مێرمنداڵە ڕابگرن.

ئەم دوو کارناسە ڕایانگەیاندووە کە ئێران دەبێت سێدارەی سەر ئەم مێرمنداڵە ١٥ ساڵانە بە پێی بەڵێنەکانی خۆی لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕابگرێ.

 پێشتر ڕۆژی سێشەممە 2017/12/19 دادگای باڵای ئێران، حوکمی سێدارەی (محەممەد کەلهوڕ) خەڵکی برووجێردی پارێزگای لوڕستانی ڕاگەیاند.

محەممەد کەلهوڕ کە ئێستا تەمەنی 18 ساڵە و سێ ساڵ پێش لە تەمەنی 15 ساڵیدا بە تاوانی کوشتنی مامۆستایەکی خۆی دەستگیر کراوە و دواتری حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپێندرا.

ئەو مێرمنداڵە کوردە پاییزی ساڵی ٢٠١٤ دەستگیر  و لە ناوەندی چاکسازیی "خوڕەم ئاوا" ڕاگیرابوو کە زستانی ئەمسال بۆ بەندیخانەی گەورەساڵانی بروجێرد گوازرایەوە.

دادگایی سەرەتایی محەممەدی بە ٣ ساڵ بەندکران و دانی (دیە) سزا دابوو کە دوای ناڕەزایی بنەماڵەی کوژراو، ئەم حوکمە هەڵوەشایەوە و سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا.