دوو کەس لە دەستبەسەرکراوانی مەریوان بۆ بەندیخانەی ئەو شارە گوازرانەوە

هەنگاو: دوو کەس لە دەستبەسەرکراوانی شارەدێی “نێ” دوای سێ حەوتوو بەندکران بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە گوازرانەوە.

١١ سەرماوەز ٢٧٢١، ٢٣:٤٩

 

هەنگاو: دوو کەس لە دەستبەسەرکراوانی شارەدێی “نێ” سەر بە شاری مەریوان دوای سێ حەوتوو بەندکران بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە گوازرانەوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی پێنج شەممە ١١ی سەرماوەزی ٢٧٢١ (٢ی دێسامبری ٢٠٢١)، دوو کەس لە دەستبەسەرکراوانی شارەدێی نێ بە ناوەکانی عەبدوڕەحمان ئەشتەک و عەبدوڕەحمان ئەفشار دوای سێ حەوتوو ڕاگیران لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە گوازرانەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم دوو هاووڵاتییە لەو ماوەیەی کە دەستبەسەر بوون لەمافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و هەروەها مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەش بوون و ناوەندە ئەمنییەکان ئەوانیان بە هاوکاری کردنی حیزبێکی کوردستانی دژبەری حکوومەت تۆمەتبار کردووە.

ئەم دوو هاووڵاتییە بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە ٢٢ی خەزەڵوەری ٢٧٢١ (١٣ی نۆڤەمبری ٢٠٢١) هاوڕێ لەگەل ٤ کەسی دیکەی خەڵکی گوندی نێ بە ناوەکانی محەمەد ئەحمەدی، فەرید درەخشانی، کەیوان مینویی و ئیدریس بەهرامی لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوانەوە دەستبەسەر کران. لە چارەنووسی ٤ کەسی دیکە هیچ زانیارییەک لە بەر دەستدا نییە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە