دوو کەسی دیکە لە سنە دەستبەسەر و پێنج کەس لە کامیاران و سونقوڕ ئازاد کران

هەنگاو: لەماوەیڕۆژانی ڕابردوو دا دوو ئەندامی دیکەی حیزبی یەکێتی نەتەوەیی لقی کوردستان لە شاری سنە دەستبەسەر کران و هاوکات س

٢٩ ڕێبەندان ٢٧١٨، ٢١:٣٨

 

هەنگاو: لەماوەیڕۆژانی ڕابردوو دا دوو ئەندامی دیکەی حیزبی یەکێتی نەتەوەیی لقی کوردستان لە شاری سنە دەستبەسەر کران و هاوکات سێ ڕێفۆرمخوازی خەڵکی سونقوڕ و دوو چالاکی خەڵکی کامیاران لە بەندیخانە ئازاد کران.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە (٢٨ی ڕێبەندانی ٩٧ / ١٧ی فێوریەی ٢٠١٩)، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئەندامێکی حیزبی یەکێتی نەتەوەیی لقی کوردستان بە ناوی ”ئارمان وەفایی“ و دەستبەسەریان کردووە.

هاوکات، ئەو هیزانە هەروەها ئەندامێکی دیکەی ئەو حزبەیان بە ناوی ”شاهۆ فەرەجی“ لە یەکێک لە شەقامەکانی ئەو شارە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستووەتەوە.

لەلایەکی دیکەوە، دوو کەس لە دەستبەسەر کراوانی کامیاران بە ناوەکانی ”ڕەزا ئەسەدی“ و ”فازڵ قەیتاسی“ کە سەرەتای مانگی ژوئیە دەستبەسەر کرابوون، دوای نزیک بە پەنجاڕۆژ هەر کامەیان بە دانانی بارمتەی  ٣٠٠ میلیۆنی بەشێوەی کاتی لە بەندیخانە ئازاد کراون.

هەروەها ئەمڕۆ دووشەممە (٢٩ی ڕێبەندان / ١٨ی فێوریە)، سی چالاکی ڕێفۆرمخوازی خەڵکی شاری سونقوڕ سەر بە پارێزگای کرماشان بە ناوەکانی ”جەبار حاجی مورادی“، ”کەیومەرس واعزی“ و ”هادی باقری“ کە ڕۆژی پێنج شەممە (٢٥ی ڕێبەندان / ١٤ی فیوریە) لەلایەن هێزەکانی پاراستنی زانیاری سەر بە سپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کرابوون، ئازاد کراون.

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە