دوو ئەندامی سپای پاسداران لە بانە کەوتنە بەر هێرشی گرووپێکی نەناسراو

هەنگاو: لە ماوەی دە ڕۆژی ڕابردوودا و لە دوو شوێنی جیا لە شاری بانە، دوو ئەندامی سپای پاسداران کەوتنە بەر دەستڕێژی گرووپێکی نەناسراو.

٤ خاکەلێوە ٢٧٢٠، ٠٩:٤٢


هەنگاو: لە ماوەی دە ڕۆژی ڕابردوودا و لە دوو شوێنی جیا لە شاری بانە، دوو ئەندامی سپای پاسداران کەوتنە بەر دەستڕێژی گرووپێکی نەناسراو.


بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، شەوی یەکشەممە ٣ی خاکەلێوەی ٢٧٢٠ (٢٢ی مارسی ٢٠٢٠)، ئەندامێکی سپای پاسداران بە ناوی ”حوسێن ڕەحمانی“ کە فەرماندەی پایگای ”قادر خانزادە“ی شاری بانەیە، لە پێش دەرگای ماڵی خۆیان لەلایەن گرووپێکی نەناسراوەوە دەستڕێژی کرایە سەر.


بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو، ئەو ئەندامەی سپای پاسداران لاقی پێکراوە و ئێستا لە نەخۆشخانەی سەلاحەدینی ئەیووبی شاری بانە لە ژێر چاوەدێریی پزیشکیدایە.


ئەمە لە کاتێکدایە کە، شەوی یەکشەممە ٢٥ی ڕەشەممەی ٢٧١٩ (١٥ی امرسی ٢٠٢٠)، ئەندامێکی دیکەی سپای پاسداران لە شاری بانە بە ناوی ”ناسر ساڵح زادە“ کەوتە بەر هێرشی گرووپێکی نەناسراو و لە ئەنجامی ئەو هیرشەدا کوڕەکەی بە ناوی ”مورتەزا ساڵح زادە“ کوژرا. ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ماڵپەڕی فەرمیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ڕایگەیاندووە کە مورتەزا ساڵحزادە ئەندامی سپای پاسداران بووە.


هەتا کاتی ئامادە کردنی ئەم هەواڵە، هیچ گرووپێک بەرپرسیارێتی ئەو دوو هێرشەی لە شاری بانە بە ئەستۆ نەگرتووە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە