دووهەمین لاوی خەڵکی شنۆ لە کاتی سەربازی لە تەورێز دەستبەسەر کرا

هەنگاو: هاووڵاتییەکی دیکەی خەڵکی شنۆ، چەند رۆژ لەمەوپێش لە لایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کراوە.

١ جۆزەردان ٢٧٢٠، ٢٠:٤٦


هەنگاو: هاووڵاتییەکی دیکەی خەڵکی شنۆ، چەند رۆژ لەمەوپێش لە لایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کراوە.


بە پێی راپۆرتی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، چەند رۆژ لەمەوپێش، هاووڵاتییەک ناوی " یووسف ئیبراهیم زادە" خەڵکی گوندی " کانی رەش"ی شاری شنۆ، کە خەریکی تێپەڕاندنی دەورانی سەربازی لە شاری تەورێز بوو، لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی حکوومەت لەو شارەدا دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار بەڕێ کراوە.


سەرچاوەیەکی ئاگادار لەم بارەوە بە هەنگاوی راگەیاند، یووسف ئیبراهیم زادە بە تۆمەتی هاوکاری لە گەڵ حیزبێکی کوردستانی دژبەری ئێران دەستبەسەر کراوە و هێزە ئەمنییەتییەکان موبایل و کەرەستە تایبەتییەکانی ناوبراویان لە گەڵ خۆیان بردووە.


هەروەها دوو حەفتە پێش ئیستا، دوو لاوی دیکەی خەڵکی ئەو گوندە لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کرابوون و ئێستا لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورومیە ڕاگیراون.


ئەو دوو لاوە کە ناویان " ئالان بەنگین" تەمەن ٢١ ساڵ و " یەحیا ئیبراهیمی" تەمەن ٢٠ ساڵە، هەر بەو تۆمەتە دەستبەسەر کراون. ئالان بەنگینیش لە کاتی سەربازی و لە تەورێز دەستبەسەر کراوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە