دێولان؛ ژنێکی ٢١ ساڵە بە دەستی هاوژینەکەی و بە چەقۆ کوژرا

هەنگاو: ژنێکی لاوی خەڵکی شاری دێولانی پارێزگای سنە بە دەستی هاوژینەکەی کوژرا.

٢٥ سەرماوەز ٢٧٢٠، ٢٠:٣٧

 

هەنگاو: ژنێکی لاوی خەڵکی شاری دێولانی پارێزگای سنە بە دەستی هاوژینەکەی کوژرا.

بە گوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کاتژمێر ٢١ی شەوی دووشەممە ٢٤ی سەرماوەزی ٢٧٢٠ (١٤ی دێسامبەری ٢٠٢٠)، ژنێکی تەمەن ٢١ ساڵی خەڵکی گوندی "تیلەکۆ"ی سەر بە شاری "دێولان" بە ناوی "ئازادە مروەتی"، بە دەستی هاوژینەکەی کوژراوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دێولانەوە بە هەواڵنێری هەنگاوی ڕاگەیاند: ئازادە مروەتی بە زەبری چوار چەقۆ کە لە لایەن هاوژینەکەیەوە کە لە جەستەی دراوە، کوژراوە.

ئەم سەرچاوەیە ڕاشیگەیاند، ئازادە لەگەڵ هاوژینەکەی خزمایەتییان هەبووە و چەند مانگ لەمەوبەر ژیانی هاوبەشیان دەست پێ کردووە.

هاوژینی ئەو ژنە کە هێشتا شوناسی بۆ هەنگاو ئاشکرا نەبووە، بریندار بووە. ئەو شەوی ڕابردوو وتبووی دوو پیاو ژنەکەمیان کوشتووە و خۆمیان بریندار کردووە، بەڵام ئەمڕۆ دانی پێدا ناوە کە خۆی ئازادەی کوشتووە.

تا کاتی ئامادە کردنی ئەم هەواڵە، هۆکاری کوژرانی ئازادە مروەتی بۆ هەنگاو ئاشكرا نەبووە و هەنگاو هەوڵ دەدات لە ڕاپۆرتەکانی دیکەدا وردەکاریی زیاتر لەسەر ئەم ڕووداوە بخاتە ڕوو.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە