دەرچوونی سزای ٥١ مانگ بەندکران بۆ سەعید فەتحی نەژاد، چالاکی خەڵکی مهاباد

هەنگاو: چالاکێکی خەڵکی مهاباد کە لە مانگی جۆزەردانی ئەمساڵ دەستبەسەر کرابوو لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای بەندکرانی بەسەردا سەپا.

٢٠ خەرمانان ٢٧٢١، ١٢:١٦

 

هەنگاو: چالاکێکی خەڵکی مهاباد کە لە مانگی جۆزەردانی ئەمساڵ دەستبەسەر کرابوو لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای بەندکرانی بەسەردا سەپا.

بە گوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە رۆژانی ڕابردوودا، هاووڵاتییەکی مهابادی بە ناوی سەعید فەتحی نەژاد، ٢٨ ساڵە، لە لایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی مهابادەوە، سەرجەم بە ٥١ مانگ بەندکران سزا دراوە.

بە گوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، سەعید فەتحی نەژاد، بە تۆمەتی ئەندامەتی لە حیزبێکی کوردستانی سزای سێ ساڵ و ٧ مانگ بەندکران و بە تۆمەتی بەزاندنی سنوور سزای ٨ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپاوە.

بە گوێرەی یاسای کۆکردنەوەی سزاکان، قورسترین سزا واتا سێ ساڵ و حەوت مانگ بەسەر ناوبراودا جێبەجێ دەکرێ.

سەعید فەتحی نەژاد لە کاتی دەستبەسەربووندا لە مافی دیدار لەگەل بنەماڵە و دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش کرابوو.

ئەم چالاکە کوردە ڕۆژی چوارشەممە ٢٦ی جۆزەردانی ٢٧٢١ (١٦ی ژوئەنی ٢٠٢١)، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و لە پاش تەواو بوونی ماوەی لێپێچینەوەکەی گوازرایەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی مهاباد.

سەعید فەتحی نەژاد ئیستا لە بەندیخانەی ناوەندیی مهاباد ماوەی بەندکرانەکەی تێپەڕ دەکات.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە