دەزگای دادوەریی ئێران حوکمی بڕینی دەستی هاووڵاتییەکی کوردی دەرکردووە + وێنە

هەنگاو: بەندکراوێکی خەڵکی کرماشان کە لە بەندیخانەی ئورمیە ڕاگیراوە لەلایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە حوکمی بڕینەوەی دەستی بەسەردا سەپاوە.

١٨ ڕەزبەر ٢٧١٨، ٢١:٤٥

 

هەنگاو: بەندکراوێکی خەڵکی کرماشان کە لە بەندیخانەی ئورمیە ڕاگیراوە لەلایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە حوکمی بڕینەوەی دەستی بەسەردا سەپاوە.

بە پێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەندکراوێکی خەڵکی کرماشان بە ناوی ”کەسرا کەرەمی“ تەمەن ٣٨ ساڵ و کوڕی یەدوڵڵا، لەلایەن لقی یەکەمی دادگای تاوانەکانی شاری ئورمیەوە  بە تۆمەتی دزی حوکمی بڕینەوەی دەستی بە سەردا سەپاوە.

کەسرا کەرەمی ٢١ی ڕەزبەری ٢٧١٥ ( ئۆکتۆبری ٢٠١٥) لەلایەن هێزە ئینتزامییەکانی شاری ئورمیە بە تۆمەتی دزی دەسبەسەر کراوە و لەوکاتەوە تا ئێستا لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە ڕاگیراوە.

حوکمی بڕینەوەی دەست لەئێراندا بە تۆمەتی دزی بە پێی ماددەی ٢٧٨ی یاسای سزادانی ئیسلامی دەردەکرێت و بە پێی ئەو حوکمە بڕینەوەی دەست لە قۆناغی یەکەم تەنیا چوار قامک دەگرێتەوە بە جۆرێک کە قامکێکی و لەپی دەستی بمێنێت.

جێبەجێ کردنی حوکمی بڕێنی دەست و تەنانەت لاق لە ئێراندا لەلایەن ڕێکخراو و ناوەندە نێودەوڵەتییەکانەوە وەکوو سزایەکی نامرۆڤانە چەندین جار مەحکووم کراوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە