دەسبەسەرکرانی سێ هاووڵاتی لە سنە و ئازادبوونی مامۆستایەکی دەسبەسەر کراوی دیواندەرە

هەنگاو: لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا سێ هاووڵاتیی کورد لە شاری سنە دەسبەسەر و هەروەها مامۆستایەکی دەسبەسەرکراوی دیواندەرەیی بە دانانی بارمتە ئازاد کرا.

٢٠ سەرماوەز ٢٧١٨، ٢٠:١٤

 

هەنگاو: لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا سێ هاووڵاتیی کورد لە شاری سنە دەسبەسەر و هەروەها مامۆستایەکی دەسبەسەرکراوی دیواندەرەیی بە دانانی بارمتە ئازاد کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی هەنگاو، ڕێکەوتی (١٠ی سەرماوەزی ٢٧١٨/ ١ی دێسامبری ٢٠١٨) هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئێران لە شاری سنە هاووڵاتییەکی کوردیان بەناوی ''هومایوون بەهمەنی'' دەسبەسەر و ڕەوانەی شوێنکی نادیاریان کردووە.

هەروەها ڕێکەوتی (١٧ی سەرماوەز/ ٨ی دێسامبر) هاووڵاتییەکی دیکەی کورد بە ناوی ''وەحید عەزیمی'' لە شوێنی کارەکەی (فرۆشگا) دەسبەسەر کراوە.

لەلایەکی دیکەشەوە ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی (١٤ی سەرماوەز/ ٥ی دێسامبر) حەبیبوڵڵا ئەحمەدی لە دووکانەکەی خۆی لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە دەسبەسەر و ڕەوانەی شوێنێکی نادیار کراوە.

ئەو سێ هاووڵاتییە بە تۆمەتی هاوکاریی هێزە دژبەرەکانی حکوومەتی ئێران دەسبەسەر و هیچ زانیارییەک لە چارەنووسیان لەبەر دەستدا نییە.

هەروەها بە پێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی هەنگاو، حامید نەرگسی مامۆستای خەڵکی شاری دیواندەرە ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی (١٩ی سەرماوەز/ ١٠ی دێسامبر) پاش ١٠ ڕۆژ دەسبەسەرکران بە دانانی بارمتەی ١٠٠ میلیۆن تمەنی ئازاد کرا.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە