دەستبەسەر کران و ناڕوونی چارەنووسی سێ هاووڵاتیی خەڵکی پیرانشار، سنە و مەریوان

هەنگاو: لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا سێ هاووڵاتیی کورد لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون و چارەنووسیان نادیارە.

١٢ ڕەزبەر ٢٧٢٠، ١٠:١٨

 

هەنگاو: لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا سێ هاووڵاتیی کورد لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون و چارەنووسیان نادیارە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ٩ی ڕەزبەری ٢٧٢٠ (٣٠ی سێپتامبری ٢٠٢٠)، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە هاووڵاتییەکیان بە ناوی ”میلاد وەیسی“ دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستووەتەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، میلاد وەیسی لە شوێنی کارەکەی و بە تۆمەتی هاوکاری کردنی یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ئێران دەستبەسەر کراوە. جێگای ئاماژەیە کە ناوبراو ساڵی ڕابردووش بە هەمان تۆمەت بۆ ماوەی پێنج مانگ دەستبەسەر کرابوو.

لەلایەکی دیکەوە، ڕۆژی سێشەممە ١ی ڕەزبەر (٢٢ی سێپتامبر)، هاووڵاتییەکی خەڵکی گوندی ”نێ“ سەر بە شاری مەریوان بە ناوی ”عەبدول پەرتەو“ لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان دەستبەسەر و بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە گوازراوەتەوە.

هەر لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی پێنج شەممە ٣ی ڕەزبەر برایەکی دیکەی عەبدول بە ناوی ”پشتیوان پەرتەو“ دەستبەسەر کراوە.

هەروەها، هاووڵاتییەکی خەڵکی پیرانشار بە ناوی ”سەردا مینەپوور“ ڕۆژی یەکشەممە ٣٠ی خەرمانان (٢٠ی سێپتامبر) لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە دەستبەسەر کراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، سەردار مینەپوور بە تۆمەتی هاوکاری کردنی یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری حکوومەت دەستبەسەر کراوە.

لە چارەنووسی ئەو سێ کەسە هیچ زانیارییەک لە بەر دەستدا نیە و هەوڵەکانی بنەماڵەکانیان بۆ  ئاگادار بوون لە چارەنووس و پەیوەندی لەگەڵیان بێ ئاکام ماوەتەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە