دەستبەسەر کران و ناڕوونی چارەنووسی هاووڵاتییەکی خەڵکی سنە

هەنگاو: هاووڵاتییەکی خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی سنە نزیکەی سێ حەوتوو پێش ئێستا لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە

٢ ڕێبەندان ٢٧٢٠، ١٠:٥٤

 

هەنگاو: هاووڵاتییەکی خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی سنە نزیکەی سێ حەوتوو پێش ئێستا لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر کراوە و چارەنووسی نادیارە.

بە گوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، شەوی یەکشەممە ١٤ی بەفرانباری ٢٧٢٠ (٣ی ژانویەی ٢٠٢١)، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە هەڵیانکوتاوەتە سەر گوندی مێراو سەر بە شارۆچکەی سیروان و هاووڵاتییەکی تەمەن ٢٧ ساڵیان بە ناوی ”عەبدوڵڵا ئاساڵ" کوڕی ڕەحیم دەستبەسەر کردووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات شەوانە و بە بێ هەبوونی مۆڵەتی یاسایی هەڵیان کوتاوەتە سەر ماڵی ئەو هاووڵاتییە و دوای شکاندنی دەرگا و پەنجەرەکان برای گەورەی عەبدوڵڵایان داوەتە بەر لێدان و کوتان و بردوویانە. بەڵام دوای یەک کاتژمێر گەڕاونەتەوە و براکەیان ئازاد کردووە و ئەمجارەیان خودی عەبدوڵڵایان دەستبەسەر کردووە.

ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا وتی که هێزە ئەمنییەکان بە تۆمەتی هاوکاری کرد لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکان ئەو هاووڵاتییە کوردەیان دەستبەسەر کردووە و سەرەڕای تێپەڕینی نزیکەی سێ حەوتوو لە دەستبەسەر کرانی ناوبراو، چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی نادیارە.

جێگەی ئاماژەیە کە عەبدوڵڵا ئاساڵ ٦ ساڵ پێش بۆ ماوەی ٦ مانگ ئەندامی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) بووە و دوای جیابوونەوە لەو حیزبە گەڕاوەتەوە بۆ زێدەکەی خۆی.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە