دەستبەسەر کرانی دوو مێرمنداڵ لە سەوڵاوا، ٨ مێرمنداڵی کورد دەستبەسەر کراون

هەنگاو: لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا دوو مێرمنداڵی تەمەن ١٦ ساڵی خەڵکی گوندی سلێن سەر بە سەوڵاوا لە پارێزگای سنە لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپا دەستبەسەر کراون.

١ گەلاوێژ ٢٧٢٠، ١٠:٣١


هەنگاو: لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا دوو مێرمنداڵی تەمەن ١٦ ساڵی خەڵکی گوندی سلێن سەر بە سەوڵاوا لە پارێزگای سنە لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپا دەستبەسەر کراون.


بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، شەوی چوارشەممە ٢٥ی پووشپەڕی ٢٧٢٠ (١٥ی ژوئیەی ٢٠٢٠)، هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە گوندی سلێن سەر بە شاری سەوڵاوا دوو مێرمنداڵی تەمەن ١٦ ساڵیان بە ناوەکانی ”هێمن ئەدوایی“ و ”کەیومەرس ئەدوایی“ دەستبەسەر کردووە.


بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو دوو مێرمنداڵە هاوکات لەگەڵ تێکهەڵچوونی چەکداری نێوان هێزەکانی سپای پاسداران و هێزێکی کوردستانی لە بەرزاییەکانی بڵبەر دەستبەسەر کراون. لە ئەنجامی ئەو تێکهەڵچوونەدا دوو پاسدار کوژران و دووی دیکە بریندار بوون.


هێمن و کەیومەرس ئەدوایی بە تۆمەتی هاوکاری کردنی یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ئێران دەستبەسەر و بۆ دەستبەسەرگەی شارام فەری سپای پاسدارانی سنە گوازراونەتەوە.


بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٠ تا ئێستا لانیکەم ٨ مێرمنداڵی ژێر ١٨ ساڵ لە شارەکانی سەوڵاوا، بانە، مەریوان، مەهاباد، پیرانشار و شنۆ بە تۆمەتی هاوکاری کردنی حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری حکوومەت دەستبەسەر کراون.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە