دەستبەسەر کرانی دوو مێرمنداڵی خەڵکی شنۆ لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە

هەنگاو: دوو مێرمنداڵی خەڵکی شاری شنۆ لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە لە شاری زاهیدان لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئێڕان دەستبەسەر کران و چارەنووسیان نادیارە.

٢٩ سەرماوەز ٢٧٢٠، ٢١:٣٨

 

هەنگاو: دوو مێرمنداڵی خەڵکی شاری شنۆ لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە لە شاری زاهیدان لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئێڕان دەستبەسەر کران و چارەنووسیان نادیارە.

بە گوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، دوو مێرمناڵی ١٥ ساڵەی خەڵکی شاری شنۆ بە ناوەکانی ئەمیر رەحمانی کوڕی لوقمان و ئەحمەد خۆشمیرزاد کوڕی عەرەب، نزیک ٤٠ ڕۆژ لەمەوبەر لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی زاهیدانەوە دەستبەسەر کراون و تا ئێستا چارەنووسیان نادیارە.

بە گوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم دوو مێرمنداڵە سەرەتای پاییزی ئەمساڵ لە لایەن چەند کەسێکەوە بە مەبەستی پەیوەست بوون بە گرووپە ئیسلامییە توندڕەوەکانی چووبوون بۆ ئەفغانستان، بەڵام کاتێک بنەماڵەکانیان ئاگادار کرانەوە، چوونە ئەفغانستان و کوڕەکانیان هێنایەوە.

ئەم سەرچاوەیە ڕاشیگەیاند لە کاتی گەڕانەوەی ئەم دوو مێرمناڵەدا لەگەڵ باوکەکانیان، لە ماڵی کەسیکی خەڵکی زاهیدان بوون و هەر لەوێ لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراون.

ئەم سەرچاوەیە ئاشكراشی کرد کە هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بە باوکی ئەمین و ئەحمەدیان گوتووە ئێوە بگەڕێنەوە بۆ شنۆ ئێمە خۆمان کوڕەکانتان دەنێرینەوە، بەڵام پاش تێپەڕینی ٤٠ ڕۆژ، چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانیان ئاشکرا نەبووە و بەدواداچوونی بنەماڵەکانیشیان هیچ ئاکامێکی نەبووە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە