دەستبەسەر کرانی دوو هاووڵاتی لە بانە و ئورمیە هاوکات لە گەڵ ئازادیی دوو بەندکراو لە کرماشان و پیرانشار

هەنگاو: کۆتاییەکانی مانگی گەلاوێژی ئەمساڵ دوو چالاکی کورد لە شارەکانی بانە و ئورمیە لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی حکوومەتەوە دەستبەسەر و هاوکات دو

٧ خەرمانان ٢٧٢٠، ١١:٢٨

 

هەنگاو: کۆتاییەکانی مانگی گەلاوێژی ئەمساڵ دوو چالاکی کورد لە شارەکانی بانە و ئورمیە لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی حکوومەتەوە دەستبەسەر و هاوکات دوو بەندکراوی خەڵکی شابادی کرماشان و پیرانشار بە بارمتە ئازاد کراون.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کۆتاییەکانی مانگی گەلاوێژی ئەمساڵ، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی بانە هاووڵاتییەکیان بە ناوی ” عەلی ڕەشیدی“ خەڵکی گوندی “بنەژاژ“ دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستووەتەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، عەلی ڕەشیدی بە تۆمەتی هاوکاری کردنی یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری حکوومەت دەستبەسەر و سەرباری بەدواداچوونی بنەماڵەکەی، چارەنووسی نادیارە.

لەلایەکی دیکەوە، ڕۆژی چوارشەممە ٢٩ی گەلاوێژی ٢٧٢٠ (١٩ی ئاگۆستی ٢٠٢٠)، مامۆستایەکی ئایینی خەڵکی ناوچەی مەرگەوەڕی ئورمیە بە ناوی ”حەسەن جەنگخوا“ لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە دەستبەسەر کراوە.

ئەو مامۆستا ئایینییە کە تەمەنی ٢١ ساڵە بە تۆمەتی چالاکی مەزهەبی دەستبەسەر کراوە.

هەروەها، ڕۆژی پێنج شەممە ٦ی خەرمانان (٢٧ی ئاگۆست)، ڕەزا ڕەمەزانی خەڵکی شاباد کە ١١ی پووشپەڕی ئەمساڵ بە تۆمەتی ”بێ ڕێزی بە پیرۆزییەکان“ لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای کرماشان دەستبەسەر کرابوو، بە دانانی بارمتەی ٦٠٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی هەتا کاتی دانیشتنی دادگا ئازاد کراوە.

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردووشدا، موراد مورادی خەڵکی پیرانشار کە ٢٤ی پووشپەڕ دەستبەسەر کرابوو، دوای تەواوبوونی لێپرسینەوەکانی، بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی ئازاد کراوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە