دەستبەسەر کرانی دوو هاووڵاتیی کورد بە مەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەیان

هەنگاو: دوو هاووڵاتیی کوردی خەڵکی ئورمیە و کامیاران کە لەلایەن دەزگای دادوەریی حکوومەتی ئێرانەوە حوکمی بەندکرانیان بە سەردا سەپابوو، دەستبەسەر کراون.

٢٤ بەفرانبار ٢٧١٩، ١١:٠٦

 

هەنگاو: دوو هاووڵاتیی کوردی خەڵکی ئورمیە و کامیاران کە لەلایەن دەزگای دادوەریی حکوومەتی ئێرانەوە حوکمی بەندکرانیان بە سەردا سەپابوو، دەستبەسەر کراون.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ٢٣ی بەفرانباری ٢٧١٩ (١٣ی ژانویەی ٢٠٢٠)، محەمەد خاتری خەڵکی کامیاران کە پێشتر حوکمی ٩ مانگ بەندکرانی بە سەردا سەپابوو، دەستبەسەر و بە مەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی ڕەوانەی بەندیخانەی کامیاران کراوە.

محەمەد خاتری مانگی گەلاوێژی ئەمساڵ لە گوندی شایەنی کامیاران دەستەبسەر و دوای دوو مانگ ڕاگیران لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە بە دانانی بارمتەی ٣٠٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.

ئەو هاووڵاتییە کوردە دواجار لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی شاری سنە بە سەرۆکایەتی دادوەری ”سەعیدی“ حوکمی یەک ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا کە بە پێی یاسای ”قەبووڵ کردنی حوکمی دادوەر“ حوکمەکەی بۆ ٩ مانگ کەم کرایەوە.

لەلایەکی دیکەوە، ڕۆژی یەکشەممە ٢٢ی بەفرانبار(١٢ی ژانویە)، کەیوان موکەڕەمی، هاووڵاتیی خەڵکی ئورمیە بە مەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی حوکمی یەک ساڵەی خۆی دەستبەسەر و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە گوازراوەتەوە.

کەیوان موکەڕەمی مانگی پووشپەڕی ئەمساڵ لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە دەستبەسەر و دوای سێ مانگ بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.

ئەو هاووڵاتییە کوردە دواجار لەلایەن لقی دووهەمی دادگای شۆڕشی ئورمیە بە سەرۆکایەتی دادوەر ”شەیخلوو“ بە تۆمەتی ” پڕووپاگەندە دژی نیزام“ لە رێگای هاوکاری حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری حکوومەت حوکمی یەک ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپابوو.

کەیوان موکەڕەمی ئێستا لە بەندی ٣_٤ی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ڕاگیراوە و ماوەی حوکمەکەی تێپەڕ دەکات.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە