دەستبەسەر کرانی هاووڵاتییەک لە سایین‌قەڵا و ئازادی بەندکراوێکی خەڵکی نەغەدە

هەنگاو: لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا هاووڵاتییەکی خەڵکی سایین‌قەڵا بە مەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی دەستبەسەر و هاووڵاتییەکی دەس.

٧ گەلاوێژ ٢٧٢٠، ١٥:٤٥


هەنگاو: لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا هاووڵاتییەکی خەڵکی سایین‌قەڵا بە مەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی دەستبەسەر و هاووڵاتییەکی دەستبەسەر کراوی خەڵکی نەغەدە ئازاد کراوە.


بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ٤ی گەلاوێژی ٢٧٢٠ (٢٥ی ژوئیەی ٢٠٢٠)، هاووڵاتییەکی تەمەن ٤٠ ساڵی خەڵکی گوندی ”قانزانلی“ سایین‌قەڵا بە ناوی ”ڕەحیم پوورئەحمەد“ بە مەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی پێنج مانگەی حوکمی بەندکرانەکەی، خۆی بە بەندیخانەی ناوەندیی شاری میاندواو ناساندووە.


ڕەحیم پوور ئەحمەد، ساڵی ڕابردوو لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سایین‌قەڵا دەستبەسەر و دواتر لەلایەن دادسەرای گشتی و شۆڕشی ئەو شارەوە بە تۆمەتی هاوکاری کردنی یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری حکوومەت حوکمی پێنج مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپابوو.


لە لایەکی دیکەوە و ڕۆژی سێشەممە ٧ی گەلاوێژ، ئومید موستەفاپووڕ، چالاکی مەدەنی و ئەندامی بەرەی یەکگرتووی کورد کە شەوی هەینی ١٣ی پووشپەڕ دەستبەسەر کرابوو، دوای یەک مانگ بەندکران بە دانانی بارمتە لە بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە ئازاد کرا.


 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە