دەستبەسەر کرانی هاووڵاتییەکی خەڵکی پیرانشار دوای بریندار کردنی

هەنگاو: هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران هاووڵاتییەکی خەڵکی پیرانشاریان دایە بەر دەستڕێژی گولە و دواتر دەستبەسەریان کرد.

١٥ ڕەزبەر ٢٧٢١، ١٨:٣٥

 

هەنگاو: هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران هاووڵاتییەکی خەڵکی پیرانشاریان دایە بەر دەستڕێژی گولە و دواتر دەستبەسەریان کرد.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە ١٤ی ڕەزبەری ٢٧٢١ (٦ی ئۆکتۆبری ٢٠٢١)، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشار هاووڵاتییەکیان بە ناوی هیوا موسازاده دەستبەسەر کردووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هیوا موسازاده لەکاتێکدا خەریکی لێخوڕینی ماتۆر بووە لە ناو گوندی “خەراپه” کە لە نزیک سنوور هەڵکەوتووە لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات تەقەی لێکراوە و دواتر دەستبەسەر کراوە.

ئەو سەرچاوە وتیشی کە هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بە بێ هیچ جۆرە ئاگادار کردنەوەیەک تەقەیان لەو هاووڵاتییە کردەوە و لاقی پێکراوە. جێگای ئاماژەیە کە هیوا موسازاده لەکاتی دەستبەسەر کران سەرباری بریندار بوونی لەلایەن ئەو هێزانەوە دراوەتە بەر لێدان و کوتان.

هەتا کاتی ئامادە کردنی ئەم هەواڵە هۆ یان هۆکارەکانی دەستبەسەر کرانی هیوا موسازاده و ئەو تۆمەتانەی کە خراونەتە پاڵی و هەروەها شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی نادیارە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە