دەستبەسەر کرانی هاووڵاتییەکی دیکەی خەڵکی شنۆ، ٩ کەس دەستبەسەر کراون

هەنگاو: لە درێژەی دەستبەسەر کردنی هاووڵاتییانی کورد لە شاری شنۆ، هاووڵاتییەکی دیکەی خەڵکی ئەو شارە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا.

٢٨ گەلاوێژ ٢٧١٨، ١٤:١٧

 

هەنگاو: لە درێژەی دەستبەسەر کردنی هاووڵاتییانی کورد لە شاری شنۆ، هاووڵاتییەکی دیکەی خەڵکی ئەو شارە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشطوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شنۆ ڕۆژی شەممە (٢٧ی گەلاوێژی ٢٧١٨ / ١٨ی ئاگۆستی ٢٠١٨)، هێرشیان کردووەتە سەر هاووڵاتییەکی کورد و دەستبەسەریان کردووە.

هەواڵنێری هەنگاو لە شاری شنۆ ناسنامەی ئەو هاووڵاتییە کوردەی ”محەمەد ئەمین قازی“ دانیشتووی گوندی گوندەوێڵەی شاری شنۆ ڕاگەیاندووە.

ئەو هاووڵاتییە کوردە بە تۆمەتی هاوکاری یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری ئێران دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.

ڕۆژی  چوارشەممە (٢٤ی گەلاوێژی ٢٧١٨ / ١٥ی ئاگۆستی ٢٠١٨)، هاووڵاتییەکی دیکەی دانیشتووی ئەو گوندە بە ناوی ”موسا مەحموودی“ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری هەنگاو، لە ماوەی ١٠ ڕۆژی ڕابردوودا لانیکەم ٨ هاووڵاتیی خەڵکی شنۆ بە تۆمەتی هاوکاکاری کردنی حیزبە کوردییەکانی دژبەری ئێران لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئەو وڵاتەوە دەستبەسەر کراون.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە