دەستبەسەر کرانی پێنج لاوی کورد لە سنە، سەردەشت و سەقز

هەنگاو: خوێندکارێکی کورد لە شاری سنە بە تۆمەتی چالاکی سیاسی و چوار لاوی دیکەش لە شارەکانی سەقز و سەردەشت بە تۆمەتی کڕین و فرۆشتنی دۆلار دەستبەسەر کراون.

٩ ڕێبەندان ٢٧١٨، ١٩:١٥

 

هەنگاو: خوێندکارێکی کورد لە شاری سنە بە تۆمەتی چالاکی سیاسی و چوار لاوی دیکەش لە شارەکانی سەقز و سەردەشت بە تۆمەتی کڕین و فرۆشتنی دۆلار دەستبەسەر کراون.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە (٩ی ڕێبەندانی ٢٧١٨ / ٢٩ی ژانویەی ٢٠١٩)، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە خوێندکارێکی کوردیان بە ناوی ”شاپوور وەیسی“ دەستبەسەر کردووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەوبارەوە بە هەواڵنێری هەنگاوی ڕاگەیاند کە شاپوور وەیسی بە تۆەتی ئەندامەتی لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ئێران و لە بەر بینای زانکۆی پەیامی نووری سنە دەستبەسەر کراوە.

لەلایەکی دیکەوە، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە ڕۆژی دووشەممە (٨ی ڕێبەندان / ٢٨ی ژانویە)، لاوێکی تەمەن ٢١ ساڵیان بە ناوی ”سیاوەش مستەفازادە“ لە بازاڕی دۆلارفرۆشانی شاری سەردەشت دەستبەسەر کردووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەکانی لە کاتی دەستبەسەر کردنی سیاوەش دەستیان بەسەر هەموو پارەکانیدا گرتووە.

هەروەها، سەرتای مانگی ژوئیەی ئەمساڵ، هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات لە تارانەوە هاتوونەتە شاری سەقز و سێ کەس لە دۆلار فرۆشەکانی ئەو شارەیان دەستبەسەر و بۆ تارانیان گوستوونەتەوە.

هەوالنێری هەنگاو توانیویە کە ناسنامەی یەکێک لەو سێ کەسە بە ناوی ”شیرکۆ ئازموودە“ ئاشکرا بکات. بنەماڵەی شێرکۆ ڕایانگەیاندووە کە لە ماوەی ڕابردوودا هەوڵەکانیان بە مەبەستی ئاگادار بوون لە چارەنووسی ناوبراو بێ ئاکام ماوەتەوە.

 

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە