دەستبەسەر کردنی بەڕێوەەری کەناڵێکی تێلێگرامی بە هۆی بەکار نەهێنانی نازناوی ”شەهید“ بۆ قاسم سولەیمانی

هەنگاو: یەکێک لە چالاکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە شاری پاوە، بە تاوانی بەکار نەهێنانی نازناوی “شەهید” بۆ قاسم سولەیمانی، دەستبەسەر کرا.

٥ ڕێبەندان ٢٧١٩، ٢١:٤٤

 

هەنگاو: یەکێک لە چالاکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە شاری پاوە، بە تاوانی بەکار نەهێنانی نازناوی “شەهید” بۆ قاسم سولەیمانی، دەستبەسەر کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەییشتوو بە ماڵپەڕی ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی هەنگاو، وەحید فەتاحی، ڕۆژنامەنووسی کوردی خەڵکی شاری پاوە، حەوتووی ڕابردوو لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کراوە.

یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی فەتاحی کە بە هۆکاری ئەمنی نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، لەو بارەوە بە هەواڵنێری هەنگاوی ڕاگەیاند: وەحید بەڕێوبەری کاناڵی تێلێگرامیی “پاوە ٢٩” بووە و لە بەر ئەوەی کە نازناوی “شەهید”ی بۆ قاسم سولەیمانی”بەکار نەهێناوە ، بە بڕیاری “ئەڵماسی” داواکاری گشتی پاوە دەستبەسەر کراوە.

ئەم هاووڵاتییە کوردە دووەمین چالاکی بواری ڕاگەیاندنە کە لە ماوەی ڕابردوودا هەر بەو تۆمەتە لە شاری پاوە دەسبەسەر دەکرێت.

مزەفەر وەلەدبەیگی، ڕۆژنامەنووسیکی دیکەی خەڵکی شاری پاوەیە کە ڕۆژی شەممە ١٤ی بەفرانبار (٤ی ژانویە) بە هەمان تۆمەت دەستبەسەر کرابوو. ناوبراو دوای دووڕۆژ لە حاڵێکدا بە سەختی ئەشکەنجە کرابوو، ئازاد کرا.

بە تاوان لە قەڵەم دانی بەکار نەهێنانی چەمکی ”شەهید“ بۆ قاسم سولەیمانی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە حاڵێکدایە کە وەها تاوانێک لە یاساکانی تایبەت بە تاوانەکان پێناسە نەکراوە. یەکێک لە بنەما سەرەکییەکان لە حقوقی جەزایی یاسایی بوونی تاوان و سزایە. ئەو بەندە بۆ بەرگری لە هاووڵاتیان لە بەرانبەر زوڵم و زۆری حکوومەتەکان دانراوە.

 

 

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە