دەستبەسەرکرانی سێ چالاکی مەزهەبی کورد لە شاری ئورمیە

٢٨ ڕەزبەر ٢٧٢٠، ١٤:٣١

 

هەنگاو: سێ چالاکی مەزهەبی خەڵکی ئورمیە لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون کە دوو کەسیان بۆ بەندیخانەی ئەو شارە گوازراونەتەوە

بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەرەتایی مانگی ڕەزبەری ئەمساڵ سێ چالاکی مەزهەبی کورد بە ناوەکانی سیاوەش  جەوان، بێهزاد تەڵایی و فەرشاد فەتاحی لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری ئورمیەوە دەستبەسەر کراون.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار سیاوەش جەوان ٢٨ ساڵانە و لە ڕێکەوتی ٥ی ڕەزبەر دەستبەسەر و بێهزاد تەڵایی تەمەن ٢٧ ساڵ لە ڕێکەوتی ٧ی ڕەزبەر دەستبەسەر کراوە. ئەو دوو کەسە ڕۆژی چوارشەممە ٢٣ی ڕەزبەر (١٤ی ئۆکتۆبر) بۆ بەندیخانەی ناوەندی شاری ئورمیە گوازراونەتەوە.

هەروەها هاووڵاتیەکی دیکە بە ناوی فەرشاد فەتاحی لە ڕێکەوتی ٨ی ڕەزبەر لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە دەستبەسەر و تا ئێستا لە دەستبەسەرگەی ئەو ئیدارەیە ڕاگیراوە.

ئەو سێ چالاکە کوردە بە تۆمەتی چالاکی مەزهەبی و پڕوپاگەندە بۆ گرووپە توندئاژۆ ئیسلامییەکان دەستبەسەر کراون.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە