دەستبەسەرکرانی لانیکەم ٣٦ هاووڵاتیی کورد لە ماوەی ١٠ رۆژدا

هەنگاو: لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا شەپۆلێکی تازەی دەستبەسەر کردنی هاووڵاتیان لە شارەکانی کوردستان دەستی پێ کردووە.

٢٥ پووشپەڕ ٢٧١٩، ١٣:٣٦

 

هەنگاو: لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا شەپۆلێکی تازەی دەستبەسەر کردنی هاووڵاتیان لە شارەکانی کوردستان دەستی پێ کردووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە (٢٤ی پووشپەری ٢٧١٩/ ١٥ی ژوئیەی ٢٠١٩) هاووڵاتیەکی خەڵکی مەریوان بە ناوی خالید سووری دوای بانگ کران بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە دەستبەسەر کراوە.

بە پشت بەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ١٠ ڕۆژی ڕابردوودا دەیان هاووڵاتی کورد بە تۆمەتی چالاکی سیاسی و هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردستانیەکانی دژبەری حکومەتی ئێران دەستبەسەر کراون.

تا ئێستا ناسنامەی ٣٦ هاووڵاتیکە دەستبەسەر کراوان بۆ هەنگاو ڕوون بووەتەوە.

لە نێو ئەو دەستبەسەرکراوانەدا کە ناسنامەیان ڕوون بووەتەوە، ٨ کەس خەڵکی مەهاباد، ٧ کەس خەڵکی سایین قەڵا، ٦ کەس خەڵکی مەریوان، ٣ کەس خەڵکی سەقز، ٢ کەس خەڵکی میاندواو، ٢ کەس خەڵکی سنە، ٢ کەس خەڵکی شنۆ و یەک کەس خەڵکی تکاب بوون.

زانیاریەکانی هەنگاو باس لەوە دەکەن کە ژمارەی دەستبەسەرکراوان نزیک بە ٥٠ کەس دەبێت و لە شارەکانی سنە و مەریوان و سایین قەڵا چەندین هاووڵاتی دیکە دەستبەسەر کراون، بەڵام تا ئێستا ناسنامەیان بۆ هەنگاو ڕوون نەبووەتەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە