دەستبەسەرکرانی مێرمنداڵێک لە کرماشان

هەنگاو: مێرمنداڵێکی ١٥ ساڵە لە کرماشان بە هۆی بڵاوکردەوەی وێنەی ئاڵای کوردستان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا.

٢٦ سەرماوەز ٢٧٢١، ٠٢:٢١

 

هەنگاو: مێرمنداڵێکی ١٥ ساڵە لە کرماشان بە هۆی بڵاوکردەوەی وێنەی ئاڵای کوردستان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی سەرماوەزی ٢٧٢١ (١٢ی دێسامبری ٢٠٢١)، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کرماشان لەگەڕەکی دەوڵەتئاوای ئەو شارە مێرمنداڵێکی تەمەن ١٥ ساڵیان بە ناوی دانیال کەرەمی دەستبەسەر کردووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار و نزیک لە بنەماڵەی کەرەمی، هێزە ئەمنییەکان بۆ ئازادی کاتی دانیال کەرەمی داوای بارمتەی ١٠٠ میلیۆن تەمنییان کردووە، سەرەڕای ئەوەی کە بنەماڵەکەی ئەو بڕە پارەیان دابین کردووە بەڵام هێشتا ئازاد نەکراوە.

ئەو سەرچاوەیە لەدرێژەدا وتی: “ناوەندە ئەمنییەکان بە بنەماڵەی دانیال کەرەمییان ڕاگەیاندووە کە ناوبراو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وێنەی ئاڵای کوردستانی بڵاو کردووەتەوە و هەر بۆیەش دەستبەسەر کراوە.”

شیاوی باسکردنە کە دەستبەسەرکرانی ئەم مێرمنداڵە ١٥ ساڵەیە بە پێی یاسا نێوخوۆییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانیش ڕێگاپێدراو نیە پێشێلکردنی ئاشکرای مافەکانی منداڵانە.

بەم حاڵەش و دوای نزیکەی یەک حەوتوو لە دەستبەسەر کرانی دانیال کەرەمی، ئەم مێرمنداڵە ١٥ ساڵەیە هێشتا مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی پێنەدراوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە