دەستبەسەرکرانی مێرمنداڵێکی ١٧ ساڵە لە پیرانشار + ئامار

هەنگاو: هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئێران، تازەلاوێکی خەڵکی پەسوێ‌ سەر بە شاری یان دەستبەسەر کرد.

٢٣ بانەمەڕ ٢٧٢٠، ٠٩:١٧


هەنگاو: هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئێران، تازەلاوێکی خەڵکی پەسوێ‌ سەر بە شاری پیرانشاریان دەستبەسەر کرد.


بەپێی هەواڵی گەییشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی هەنگاو، نیوەشەوی دووشەممە ٢٢ی بانەمەڕی ٢٧٢٠ (١١ی مەی ٢٠٢٠)، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات ڕژاونەتە ماڵی هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی حەسەن شەریفییان و منداڵێکی ناوبراویان بەناوی "سەمیع شەریفیان" کە مێرمنداڵێکی ١٧ ساڵەیە دەستبەسەر کردووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو، هێزەکانی ئیتلاعات لە درێژەی شپۆلی دەستبەسەرکرانی هاووڵاتییانی کورددا، بەبێ هیچ چەشنە بەڵگەیەکی یاسایی ڕژاونەتە ماڵی ئەو هاووڵاتییە کوردە لە شارەکی پەسوێ سەر بە پیرانشار و منداڵەکەیان دەستبەسەر کردووە و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگواستووە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، سەمیع شەریفیان بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییە دژبەرەکانی حکوومەتی ئێران دەستبەسەر کراوە.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ١٠ ڕۆژی ڕابردوودا زیاتر لە ٢٠ هاووڵاتیی خەڵکی پیرانشار دەستبەسەر کراون کە ناسنامەی ١١ کەسیان بۆ هەنگاو ئاشکرا بووە و بە شێوەی خوارەوەیە؛
١_ ڕێبوار سەیدمحەمەدی ٢_خالید سەیدمحەمەدی ٣_ محەمەد قادری ٤_ سەلام خری ئاغڵان ٥_ حیسامەدین پیرانی ٦_ئەمیر قادری ٧_واحید قادری ٨_عەلی قادری ٩_ ئەحمەد مەحموود حەسەن ١٠_ ئەبووبەکر مەحموود حەسەن ١١_ سەمیع شەریفیان



 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە