دەستبەسەرکرانی پێنج هاووڵاتی دیکە لە کوردستان، ژمارەی دەستبەسەرکراوانی سێ حەوتووی رابردوو گەیشتە ٥١ کەس

هەنگاو: دوای دەستبەسەرکرانی لانیکەم پێنج هاووڵاتی دیکە لە شارەکانی دیواندەرە، سنە و پیرانشار ژمارەی دەستبەسەرکراوانی

١٩ گەلاوێژ ٢٧٢١، ٠٩:٤١

 

هەنگاو: دوای دەستبەسەرکرانی لانیکەم پێنج هاووڵاتی دیکە لە شارەکانی دیواندەرە، سنە و پیرانشار ژمارەی دەستبەسەرکراوانی سێ حەوتووی ڕابردووی کوردستان گەیشتە ٥١ کەس.

بە گوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ١٩ی گەلاوێژی ٢٧٢١ (١٠ی ئاگۆستی ٢٠٢١) هێزە ئەمنییەکان سێ هاووڵاتی خەڵکی گوندی "گەرگولی سەروو" سەربە پیرانشاریان بە ناوەکانی "ڕەحمان قادری"، "موزەفەر ئەحمەدی" و "ئەرسەلان پورمحەممەد"دەستبەسەر کردووە.

شایانی باسە موزەفەر ئەحمەدی چەند کاتژمێر دوای دەستبەسەرکرانی ئازاد بووە و دوو هاووڵاتییەکەی دیکە بۆ شوێنێکی نادیار گوازراونەتەوە.

لەلایەکی دیکەوە، ڕۆژی دووشەممە ١٨ی گەلاوێژ (٩ی ئاگۆست) هاووڵاتییەکی خەڵکی دیواندەرە بە ناوی "ئومید سەرئەفراز" لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپا، دەستبەسەر و بۆ یەکێک لە دەستبەسەرگە ئەمنییەتیەکانی شاری سنە گوازراوەتەوە.

هەروەها، ڕۆژی یەکشەممە ١٧ی گەلاوێژ (٨ی ئاگۆست)، هاووڵاتیەکی خەڵکی گوندی تەنگیسەر و دانیشتووی سنە بە ناوی "کاوان مەحموودیان" لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە دەستبەسەر و تا ئێستا چارەنووسی نادیارە.

کاوان مەحموودی پێشتر بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)  دەستبەسەر و سزای یەک ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو.

تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە لە سەر هۆکارەکانی دەستبەسەری ئەم پێنج هاووڵاتیە و ئەو تۆمەتانەی خراوەتە پاڵیان هیچ زانیاریەک لەبەردەست نیە.

بە پشت بەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە سەرەتایی مانگی گەلاوێژ تا وەکو ئێستا (١٩ ڕۆژ) لانیکەم ٥١ هاووڵاتیی کورد لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتیەکانی حکوومەتی ئێران دەستبەسەر کراون کە تەنیا دوو کەسیان ئازاد کراون و ٤٩ کەسی دیکە هێشتا دەستبەسەرن.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە