دەستبەسەرکردنی ١١ هاووڵاتیی خەڵکی شاری ئورمیە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا و هاوکات لەگەڵ سەرهەڵدانی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکانی خەڵکی کوردستان و ئێران لەسەر کوژرانی ژینا ئەمینی لەلایەن هێزەکانی حکومە

٦ ڕەزبەر ٢٧٢٢، ١٠:١٥


هەنگاو: چوارشەممە، ۶ی ڕەزبەری ٢٧٢٢ی کوردی

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا و هاوکات لەگەڵ سەرهەڵدانی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکانی خەڵکی کوردستان و ئێران لەسەر کوژرانی ژینا ئەمینی لەلایەن هێزەکانی حکومەتی ئێرانەوە، دەیان هاووڵاتیی کورد لە شاری ئورمیە و لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی حکومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی دووشەممە، ٤ی ڕەزبەری ٢٧٢٢ی کوردی (٢٦ی سێپتەمبەری ٢٠٢٢ی زایینی) دوو هاووڵاتیی کورد و خەڵکی شاری ئورمیە بە ناوەکانی شۆڕش ئیسلامی ساکانی و سەلیم میرزایی، لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی حکومەتەوە دەستبەسەر کراون.

سەر لە ئێوارەی هەمان ڕۆژ، هێزەکانی پۆلیسی ئەمنییەت هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی پەیمان میرزازادە، هونەرمەندی لاو و بەندکراوی سیاسیی پێشوو، ناوبراویان دەستبەسەر کردووە و بۆ شوێنی نادیار گواستوویانەتەوە.

هەروەها ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە، ٣٠ی ڕەزبەری ٢٧٢٢ی کوردی، هێزە ئەمنییەکانی حکومەت هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی دوو برا بە ناوەکانی پەیمان ئیبراهیمی و مێهرداد ئیبراهیمی و ئەو دوو برایەیان دەستبەسەر کردووە.

هەر لەو ڕۆژەدا هاووڵاتییەکی تر بە ناوی ئاران تیباش، خەڵکی گوندی دزە لە دەڤەری مەرگەوەڕ و بەندکراوی سیاسیی پێشوو، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی حکومەت لە شاری بۆکان دەستبەسەر کراوە.


لە درێژەی شەپۆلی دەستبەسەرکراوانی ئەم دوواییانەی شارەکانی کوردستاندا، ئارمین نەبی زادە و فەریدوون نەبیزادە، خەڵکی گوندی "دەلۆ" لە دەڤەری شاری ئورمیە، هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران هێرشیان کردووەتە سەریان و دەستبەسەر کراون.

لە لایەکی دیکەوە ڕۆژی چوارشەممە، ٣٠ی خەرمانانی ٢٧٢٢ی کوردی، سینا حوسێنی، و هەروەها ڕۆژی سێشەممە، ٢٩ی خەرمانان ئەمیر عەبدوڵڵاهی و مێهران پازشی، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی حکومەتەوە دەستبەسەر کراون.

بەپێی زانیاریی سەرچاوەکانی هەنگاو؛ هەموو ئەو هاووڵاتییانە بە شێوەیەکی دڕندانە و بە توندوتیژییەوە دەستبەسەر کراون.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە