راپۆرتی تایبەتی هەنگاو لەسەر سووتاندنی کچێکی لاو بە دەستی باوکی لە شاری سنە

هەنگاو: لە پاش بڵاو بوونەوەی هەواڵێک لە لایەن یەکێک لە پزیشکانی نەشتەرگەریی نەخۆشخانەی کەوسەری سنە، هەنگاو لە پاش بەدواداچوون توانی

١٢ ڕەزبەر ٢٧٢١، ٠٠:٢٤

 

هەنگاو: لە پاش بڵاو بوونەوەی هەواڵێک لە لایەن یەکێک لە پزیشکانی نەشتەرگەریی نەخۆشخانەی کەوسەری سنە، هەنگاو لە پاش بەدواداچوون توانی وردەکاریی زیاتری ئەم کوشتنە نامووسییە بەدەست بێنێ.

بە گوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کاتژمێر ٢٢:٣٠ شەوی شەممە ١٠ی ڕەزبەری ٢٧٢١ (٢ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢١)، کچێکی ٢٢ ساڵە بە ناوی "فائیزە مەلەکی نیا"، پاش ڕۆژێک کەوتنی لە نەخۆشخانەی کەوسەری سنە، بە هۆی قووڵ بوونی برینەکانی لە ئەنجامی سووتانی ٨٥٪٪ی جەستەی، گیانی لەدەست دا.

ڕۆژی یەکشەممە دوکتور ئیمان نەوابی لە ئەندامانی ستافی پزیشکیی نەخۆشخانەی کەوسەر بە بێ ئاماژە کردن بە ناوی کوژراوەکە و شوێنی کوشتنەکە بۆ یەکەم جار لە لاپەرەی خۆی لە تۆری کۆمەڵایەتیی ئینستاگرامدا باسی ئەو کوشتنەی کرد.

بە گوێرەی زانیارییەکانی هەنگاو، فائیزە مەلەکی نیا خەڵکی گوندی کورکوڕەی سنەیە، ڕۆژی هەینی لەگەڵ خۆشەویستەکەی چووەتە دەرەوە و پاش گەڕانەوەی بۆ ماڵەوە، باوکی بە ناوی حەبیبوڵڵا بەنزینی پێدا کردووە و ئاگری لە جەستەی بەرداوە.

بە گوتەی یەکێک لە کارمەندانی نەخۆشخانەی کەوسەر، فائیزە بە ستافی پزیشکیی راگەیاندووە: "باوکی ئاگری تێبەرداوە". بەڵام ئێستا باوکی و بنەماڵەکەی دەیانهەوێ وا پێشان بدەن کە فائیزە خۆی سووتاندووە.

ئەم سەرچاوەیە کە ناوی لە لای هەنگاو پارێزراوە گوتیشی: پزیشکی دادوەری ڕایگەیاندووە لەبەر ئەوەی دۆسیەکەی سکاڵاکەری نییە، ناکرێ هیچ کارێکی لەگەڵ بکرێ و ڕۆژی یەکشەممە بە بێ هیچ ڕێوشوێنێکی فەرمی و یاسایی، تەرمی فائیزە لە زێدەکەی خۆی واتا گوندی کوڕکوڕە لە پێنج کیلۆمەتریی سنە بە خاک سپێردراوە.

هەنگاو زانیویەتی دوکتور ئیمان نەوابی بە هۆی گوشار و هەڕەشەی دەزگا ئەمنییەکان ناچار بووە نووسراوەکەی خۆی لە ئینستاگرام بسڕێتەوە.

محەمەد جەباری، داواکاری گشتی و داواکاری دادگای شۆڕشی سنەش ئەمڕۆ ڕایگەیاندووە، نووسینەکەی ئیمان نەبەوی و بڵاو کردنەوەی ئەم هەواڵە، جۆرێکە لە سەرپێچیی یاسایی.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە