راپۆرتیک سەبارەت بە دەستبەسەرکرانی زەکەریا رەسووڵپوور رۆژنامەوانی بۆکانی

هەنگاو: رۆژنامەوانێکی سەربەخۆ و بەرپرسی کاناڵێکی تێلگرامی لە بۆکان لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی بۆکانەوە دەستبەسەر و پاش ٢١ ر

٥ گەلاوێژ ٢٧٢٠، ٢٠:٢٤


هەنگاو: رۆژنامەوانێکی سەربەخۆ و بەرپرسی کاناڵێکی تێلگرامی لە بۆکان لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی بۆکانەوە دەستبەسەر و پاش ٢١ رۆژ بە دانانی بارمتە ئازاد کراوە.


بە پێی راپۆرتی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، رۆژی سێشەممە ٣ی پووشپەڕی ٢٧٢٠( ٢٣ی ژوئەنی ٢٠٢٠) هەشت کەس لە هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی بۆکان هێرشیان کردە سەر شوێنی کاری رۆژنامەوانێکی سەربەخۆی شاری بۆکان بە ناوی " زەکەریا رەسووڵپوور" و ناوبراویان دەستبەسەر کرد.


بە پێی وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەتییەکان پاش دەستبەسەرکرانی زەکەریا رەسووڵپوور دووکان و ماڵی خۆی و ماڵی باوکیان پشکنیوە و کەرەستە تایبەتییەکانی ناوبراویان وەک لەپتاب و موبایل لە گەڵ خۆیان بردووە.


سەرچاوەکە هەروەها رایگەیاند کە زەکەریا رەسووڵپوور ماوەی ٦ رۆژ لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعات و رۆژێک لە ئیدارەی ئاگاهی و دوو حەوتووش لە بەندیخانەی ناوەندیی بۆکاندا راگیراوە و دواتر بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی و تا کاتی بەڕێوەچوونی دادگاییکردنی ئازاد کراوە.


زەکەریا رەسووڵپوور بەڕێوەبەری کاناڵی تێلگرامی " پشتی پەردە" یە و گەندەڵیی ئەخلاقی و ئابووری لە ئیدارەکانی بۆکاندا لەقاو داوە کە پاش دەستبەسەرکرانی، ١٢٦ کەس و ٨ ئیدارەی بۆکان سکاڵایان لە سەر تۆمار کردووە.


سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی زەکەریا لەم بارەوە بە هەنگاوی راگەیاند، بە سەرنجدان بەو بەڵگانەی کە ناوبراو داویەتی بە دادگا، لە زۆربەی ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵی رزگاری بووە و ئێستا تەنیا سکاڵای شارەوانی و رێگەوبانی بۆکانی لە سەرە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە