راپۆرتێک سەبارەت بە کوژرانی بەندکراوێکی کورد لە بەندیخانەی سەقز لە لایەن هێزە ئینتزامییەکانەوە

هەنگاو: بەندکراوێک لە بەندیخانەی سەقز بە هۆی ئەشکەنجە و لێدان لە لایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامییەوە گیانی لە دەست دا و

٢٧ جۆزەردان ٢٧٢٠، ٢٢:٥٠


هەنگاو: بەندکراوێک لە بەندیخانەی سەقز بە هۆی ئەشکەنجە و لێدان لە لایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامییەوە گیانی لە دەست دا و بەرپرسانی بەندیخانەش باوکیان ناچار کردووە نووسراوەیەک واژۆ بکات کە رەزایەتدانە بەوەیکە کوڕەکەیان بە هۆی نەخۆشی کرۆنا گیانی لە دەست داوە.


بە پێی راپۆرتی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، رۆژی شەممە ٢٤ی جۆزەردانی ٢٧٢٠( ١٣ی ژوئەنی ٢٠٢٠) بەندکراوێک بە ناوی " سەید کەماڵ حوسێنی" تەمەن ٣٤ ساڵ، بە هۆی ئەشکەنجەی هێزەکانی ئیدارەی ئاگاهی سەقزەوە گیانی لە دەست داوە. کەسێکی نزیک لە بنەماڵەی کەماڵ حوسێنی کە بە هۆکاری ئەمنی نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، لەم بارەوە بە هەنگاوی راگەیاند کە هێزەکانی ئیدارەی ئاگاهی سەقز رۆژی چوارشەممە ٢١ی جۆزەردان( ١٠ی ژوئەن) هێرشیان کردۆتە سەر ماڵی باوکی کەماڵ و لە بەرچاوی دایکی سوکایەتییان پێکردووە و دواتر دەستبەسەریان کردووە.


ئەو سەرچاوەیە هەروەها رایشیگەیاند، هەر ئەو رۆژە دوو کەس لە هێزەکانی ئیدارەی ئاگاهی کە ناوەکانیان لای بنەماڵەی حوسێنی هەیە، سەید کەماڵیان داوەتە بەر کوتان و لێدانی زۆر و رۆژی دواتر ناوبراویان گواستۆتەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی سەقز. بە پێی ئەو سەرچاوە کاتژمێر دووی پاشنیوەڕۆی هەینی، سەید کەمال حوسێنی بە هۆی قووڵ بوونی برینەکانی دۆخی تەندرووستی ناجێگیر بووە و گواستوویانەتەوە بۆ نەخۆشخانەی" خومەینی" و کاتژمێر ٧ی بەیانیی رۆژی شەممە گیانی لە دەست داوە.


ئەو سەرچاوەیە لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا بە هەنگاوی راگەیاند، بەرپرسانی بەندیخانە و هەروەها نەخۆشخانەش هەواڵی مەرگی سەید کەمالڵیان بە بنەماڵەکەی رانەگەیاندووە و دوو زاوای ئەو بنەماڵەیە نیوەڕۆی ئەو رۆژە لەم رووداوە ئاگادار دەبن و ئەچنە نەخۆشخانە و پاش ئەوەیکە لە مەرگی کەماڵ دڵنیا دەبن ئەو هەواڵە بە بنەماڵەکەی رادەگەیەنن.


بە وتەی ئەو سەرچاوەیە بنەماڵەی کەمال پاش ٣٠ کاتژمێر مۆڵەتی گواستنەوەی تەرمی رۆلەکەیان لە نەخۆشخانەوە پێ دەدرێ ئەویش دوای ئەوەیکە باوکی کەمال ناچار ئەکەن نووسراوەیەک واژۆ بکات کە گوایە کورەکەیان بە هۆی کرۆناوە تووشی راوەستانی دڵ بووە. ئیدارەی ئاگرکوژێنەوەی سەقزیش تەرمی نابراویان لە گۆڕستانی ئایچی ناشتووە بە جۆرێک کە هەموو ئەو ریوشوێنانەی کە بۆ ئەو کەسانەی بە هۆی کرۆناوە گیان لە دەست دەدەن، بۆ بە خاکسپاردنی تەرمی کەمالیش لە ڕەچاو کراوە.


هەرچەند "پزیشکی یاسایی"ش هۆکاری مەرگی سەید کەماڵی بە راوەستانی دڵ بە هۆی کرۆناوە لە قەڵەم داوە، بەڵام بنەماڵەکەی پێیان وایە کە پرۆسەی شیکاریی پزیشکی رەواڵەتی بووە و تەنیا سی خولەک تەرمی رۆڵەکەیان لە "پزیشکی یاسایی" بووە.


ئەو بنەماڵەیە راشیانگەیاندووە و کە تاقیکاری بۆ کرۆنای رۆڵەکەیان لە بەندیخانەی سەقز ئەرێنی نەبووە، بەڵام ناچاریان کردوون کە نووسراوەیەک وازۆ بکەن کە پیشان بدات کەماڵ بە هۆی کرۆناوە گیانی لە دەست داوە.


شایانی باسە سەید کەماڵ حوسێنی خێزاندار و باوکی منداڵێک بووە کە چەند سال لەمەوبەر لە خێزانی جیا بوەتەوە و منداڵەکەشی هە رلای دایکی بووە.

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە