راگەیەندراوی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو سەبارەت بە تێکهەڵچوونەکانی ئەم دواییانەی ناوچەی داڵاهۆ

١٣ جۆزەردان ٢٧٢١، ٠٩:٠٥

 

هەنگاو: بە هۆی کێشەی تایفەیی لە رۆژانی رابردوو لە کرماشان لانیکەم ٥ هاووڵاتیی کوژراون.

بە پێی راپۆرتی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، رۆژی سێشەمە ١١ی جۆزەردان ٢٧٢١ ( ١ی ژوئەنی ٢٠٢١) ژمارەیەک لە تایفەی قەڵخانی بە هۆی ناکۆکی لە سەر لەوەڕگەی هاوبەش لە گەڵ دانیشتووانی گوندەکانی "کوئیک" و "داراب" تێک هەڵچوون کە لە ئاکامدا لانیکەم ٣ هاووڵاتی لەوانە ژنێک کوژراون کە یەکیان بە تەقەی هێزەکانی سپا گیانی لە دەست داوە.

ئێوارەی هەمان رۆژ هێزکانی سپای پاسدارانیش بێ هیچ ئاگادارکردنەوەیەک تەقەیان لە خەڵکی گوندی کوئیک کردووە و هاووڵاتییەکی دیکەیان کوشتووە.

ئەم شەڕە رۆژی دواتر چوارشەمەش بەردەوام بووە و لە ئاکامی دەستێوەردانی خوێنینی سپای پاسداران، هاووڵاتییەک کوژرا و هاووڵاتییەکی دیکەی دانیشتووی ناوچەکە بریندار بووە.

بە وتەی شایەتحاڵان، سەرەڕای ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە هێزە ئەمنییەتییەکان بە تایبەت سپای پاسداران نە تەنیا دستێوەردانی گونجاو و پێویستیان بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە نەکردووە بەڵکوو سپا بە تەقەکردن و کوشتنی ٢ کەس لە خەڵکی ناوچەکە و بریندارکردنی چەند کەسی دیکە، بوونەتە هۆی پەرەپێدانی زیاتر بە شەڕەکە کە بەشێکی بە هۆی ناکۆکیی ئایینی لە نێوان پێڕەوانی ئایینی یارسان و موسوڵمانە سونییەکانی ناوچەکەیە.

بەداخەوە لە ئاکامی ئەو تێکهەڵچوونانەدا زیاتر لە ١٠ هاووڵاتییش بریندار بوون.

رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو وێڕای دەربڕینی داخ و هاودەردی لە گەڵ بنەماڵەی قوربانییەکان، داوای هێوربوونەوە و دانبەخۆداگرتن لە لایەنەکانی ئەو ناکۆکییە بەتایبەت پێڕەوانی ئایینی یارسان و موسوڵمانە سونییەکانی ناوچەکە دەکات.

شایانی باسە هەموو پێڕەوانی ئایینە جۆراوجۆرەکان ساڵانێکی زۆرە لەم  ناوچەیەدا بەو پەڕی رێز و پێکەوە سازانەوە ژیاون. سەرەڕای ئەوە بە هۆی سیاسەتی مەزهەبی و تێکەڵ بە هەڵاواردنی کۆماری ئیسلامی، ناوچەکە لەم ساڵانەی دواییدا کێشە و ناکۆکیی ئایینی بە خۆوە دیوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە