زانکۆ مەسعوودی سەرلەنوێ دەستبەسەر کرایەوە

هەنگاو: زانکۆ مەسعوودی خەڵکی سەقز کە سەرەتای مانگی ڕەشەممەی ساڵی ڕابردوو ئازاد کرابوو،

١٩ خاکەلێوە ٢٧٢٢، ٢٣:٣١

 

هەنگاو: زانکۆ مەسعوودی خەڵکی سەقز کە سەرەتای مانگی ڕەشەممەی ساڵی ڕابردوو ئازاد کرابوو، جارێکی دیکە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کرایەوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ١٧ خاکەلێوەی ٢٧٢٢ (٦ی ئەپریلی ٢٠٢٢)، زانکۆ مەسعوودی تەمەن ٢٢ ساڵ و خەڵکی سەقز بۆ جاری دووەم لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سەقز دەستبەسەر کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی مەسعوودی، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بەبێ پیشاندانی بەرگەی دادوەری هەڵیان کوتاوەتە سەر ماڵی باوکی زانکۆ مەسعوودی و وێڕای بێ ڕێزی کردن بە بنەماڵەکەی زانکۆیان دەستبەسەر کردووە.

هەتا کاتی ئامادە کردنی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەک لە سەر هۆکاری دەستبەسەرکران و ئەو تۆمەتانەی کە خراونەتە پاڵ زانکۆ مەسعوودی لە بەر دەستدا نییە.

زانکۆ مەسعوودی تەمەن ٢٢ ساڵ و خەڵکی گوندی «مەلقەڕنی» سەقز ڕۆژی یەکشەممە ١٤ی سەرماوەزی ٢٧٢١ لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سەقز دەستبەسەر و پاش نزیکەی سێ مانگ بەندکران ڕۆژی شەممە ٧ی ڕەشەممە بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ ملیۆن تمەنی و بەشێوەی کاتی هەتا کۆتایی هاتنی دۆسیەی دادگایی کردنەکەی ئازاد کرابوو.

زانکۆ مەسعوودی لە ماوەی ئەو ڕۆژانەی کە دەستبەسەر بوو لە مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و هەروەها هەبوونی پارێزەر بێبەش بووە و لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە بە هاوکاری کردنی حیزبێکی کوردستانی تۆمەتبار کرابوو.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە