زانیاری نوێ لە سەر تێکهەڵچوونەکەی سەوڵاوا

٢٦ جۆزەردان ٢٧٢١، ٠٠:٠٥

 

هەنگاو:لە ئاکامی تێکهەڵچوونێکی چەکدارانە لە نێوان هێزەکانی سپای پاسداران و هێزەکانی پژاک کە لە بەرزاییەکانی سەوڵاوا هاتە ئاراوە چوار ئەندامی پژاگ کوژران.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کاتژمێر ٣ی نیمەڕۆی ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی جۆزەردانی ٢٧٢١ (١٥ی ژوئەنی ٢٠٢١)، تێکهەڵچوونێکی چەکداری لە نێوان هێزەکانی سپای پاسداران و هێزێکی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) لە بەرزاییەکانی سەوڵاوا هاتووەتە ئاراوە و لە ئاکامدا ٤ گریلای پژاک کوژراون کە تەرمەکانیان لەلایەن هێزەکانی سپاوە بۆ سەوڵاوا گوازراوەتەوە.

بە وتەی سەرچاوەکانی هەنگاو، ژنێکی گریلا لە کاتێکدا بە سەختی بریندار کراوە بە دیل گیراوە و دوای ئەوەی گوازراوەتەوە بۆ نزیک گوندی سوورەتوو بەبێ ئەوەی هیچ جۆرە پێڕاگەیشتنێکی پزیشکی بۆ ئەنجام بدرێت و هەروەها ڕەچاوکردنی مافی دیلێک لە شەڕە چەکدای لەلایەن بەرپرسی پایگای سەوڵاواوە بە دراوەتە بەر دەستڕێژ و کوژراوە.

ئەو تێکهەڵچوونە لە بەرزاییەکانی نێوان گوندەکانی پایگەلان، دزەوەن و سوورەتوو هاتووەتە ئاراوە و هاوکات تۆپخانەکانی سپای پاسداران کە لە گوندی سوورەتوو جێگیر کراون بەرزاییەکان ئەو ناوچەیان تۆپباران کردووە.

بە وتەی سەرچاوەکانی هەنگاو، لانیکەم ٩ ئەندامی سپای پاسدارانیش لەو شەڕەدا بریندا بوون.

جێگای ئاماژەیە کە لە ئاکامی تۆپبارانی هێزەکانی سپای پاسداران زیانێکی زۆر بە ڕەز و باخ و مووچە و مەزارای خەڵکی ناوچەکە کەوتووە.

بە پێی دوایین زانیارییەکان کە بە هەنگاو گەیشتووە، چەند کاتژمێر دوای ئەو تێکهەڵچوونە لە ملەی “سیسرا”  لەنێوان گوندەکانی دێوەزناو و سوورەتوو تێکهەڵچوونێکی دیکەش هاتووەتە ئاراوە.

هەنگاو بڵاوکردنەوەی زانیاری دروست و شەرمەزارکردنی کوشتنی دیلەکان و بریندارەکان، بەپەرۆشبوونی خۆی لە هەمبەر ڕەچاو نەکردنی جیانەکردنەوەی حەشیمەت و ئامانجه ناسەربازییەکان بە سەرنجدان بە هەبوونی خەڵکی مەدەنی لە ناوچەکە و کەڵک وەرگرتنی سپا لە چەکی قورس ڕادەگەینێت.

ساڵانێکە کە کۆماری ئیسلامی ئێران لە تێکهەڵچوونە ناوخۆییەکان خۆی پێبەند بە ڕەچاوکردنی ڕێکەوتنە مافی مرۆڤییەکان نازانێت. بە پێی مافی مرۆڤدۆستانەی چاوەدێر بە سەر تێکهەڵچوونە چەکدارییەکاندا کوشتنی دیل ئەویش لە کاتێکدا کە چەک کرابێ و برینداریش کرابێت، وەکوو تاوانی جەنگی بە هەژمار دێت.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە